وێنە.. هێرشی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

:: PM:12:26:17/10/2016 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان، لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و تا ئێستە توانیویانە شەش گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و زیانی زۆر و گورزی كەمەرشكێن لە تیرۆریستان بدەن.

درەنگانی شەوی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی كردەوەگەلی رزگاركردنەوەی مووسڵی ڕاگەیاند و بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپا و پۆلیس و دژە تیرۆری عێراق و چەكدارانی حەشدی نیشتمانی سونەكان لە شەش میحوەرەوە بەرەو سەنتەری شاری مووسڵ پێشڕەوی دەكەن.

لە میحوەری ئاسكی مووسڵ و بەنداوی مووسڵ و بەعشیقە و خازر و گوێڕ و گەیارە، پێشڕەوییەكان بەردەوام دەبن و ژەنەڕاڵێكی سوپای ئەمەریكاش ئاشكرای كرد، رەنگە تا نزیكەی سێ هەفتەی تر شەڕی مووسڵ درێژە بكێشێ و دوای سێ هەفتە مووسڵ بە تەواوی كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە.

شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەبێ و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و رۆژهەڵاتی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ڕووباری دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێ و دەیكات بە دوو بەشەوە و دانیشتووانی لە كورد و عەرەب و ئاشووری پێك هاتوون، لە ڕووی ئاینییەوە موسڵمانی سونە و ئێزدی و مەسیحی و شەبەك و سابیئەی مەندایی تێیدا نیشتەجێن.

لە رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 واتە بەر لە دوو ساڵ و چوار مانگ تیرۆریستان دوای ڕاكردنی سوپا و پۆلیسی عێراق كە ژمارەیان 60 هەزار چەكدار دەبوو، توانیان مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەن، ئەمڕۆ دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016 هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی شارەكە دەستی پێ كرد.

ئەو دیمەنانەی دەیبینن، هێرش و پێشڕەوییەكانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لە میحوەری خازر.

























وشە - باز ئه‌حمه‌د