خۆپێشانده‌رانی عێراق و به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان داوای هه‌مواری ده‌ستوور بووه‌ته یه‌كێك له خواسته سه‌ره‌كییه‌كان و كوردیش ترسیان هه‌یه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هۆشداریان دا، كه هه‌مواری ده‌ستوور نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك مافی پێكهاته‌كان كه‌م بكاته‌وه و پاشه‌كشه له پرۆسه‌ی دیموكراسی له عێراق بكات و دووباره هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دیكتاتۆرییه‌ت بدات.
هه‌فته‌ی ڕابردوو دوای دوومانگ له به‌رده‌وامی خۆپێشاندانه‌كان دواجار فشاره‌كانی خۆپێشانده‌ران سه‌ری گرت و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستی له پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه و دواتر له په‌رله‌مانی عێراق داواكه‌ی په‌سه‌ند كرا، ئه‌م هه‌نگاوه به مانای ئه‌وه دێ، كه سه‌ره‌تای گۆڕانكاری گه‌وره له عێراق ده‌ست پێ ده‌كات و یه‌كێك له‌و بوارانه‌یش پرسی ده‌ستووره كه زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران و لایه‌نه‌كان باس له چۆنیه‌تیی هه‌مواركردنه‌كه و ئه‌و بڕگه و مادانه بكه‌ن كه پێویسته هه‌موار بكرێته‌وه، ته‌نیا داوای سه‌ره‌كی خۆپێشانده‌ران گۆڕینی سیسته‌می سیاسییه له وڵات له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی.
هه‌رچه‌نده بیانووی خۆپێشانده‌ران بۆ گۆڕینی ده‌ستوور و ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌یه كه ده‌یانه‌وێ ده‌ستی ئێران له عێراق بنه‌بڕ بكه‌ن و حكوومه‌ت و سیسته‌مێكی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كان له داهاتوو به پاك و بێگه‌ردی به‌ڕێوه بچن، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران و هیچ وڵاتێكی تریان به‌سه‌ره‌وه بێت، به‌ڵام كورد به تایبه‌تی و پێكهاته‌كان به گشتی ترسیان هه‌یه و جۆرێك له دوودڵیان به‌رانبه‌ر به‌و هه‌موارانه هه‌یه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێویسته به گره‌نتی هه‌موار بكرێته‌وه و مافه‌كانی ئه‌وان له ده‌ستوور ده‌سكاری نه‌كرێت.
شیعه‌كان ده‌یانه‌وێ به فشاری جه‌ماوه‌ر ده‌ستوور به ویستی خۆیان هه‌موار بكه‌نه‌وه
هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری ئه‌مه‌ریكییه‌كان به عێراقی تر و به ناوچه‌یه‌كی ته‌واو ئارام و پێشكه‌وتوو ناوده‌برێ، به گوێره‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق وه‌ك هه‌رێمێكی فیدرال له چوارچێوه‌ی عێراق ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام خۆپێشانده‌ران نه‌ك هه‌ر ته‌نیا داوای گۆڕینی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو ناردنی بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش له‌لای ئه‌وان جێی پرسیاره و دژایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه دۆخه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بێ، كه ته‌نیا به هه‌وڵێك بۆ نه‌هێشتنی ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ناوخۆی عێراق لێك بدرێته‌وه، به‌ڵكوو پێشبینی ده‌كرێ پرۆسه‌كه سه‌ربكێشێ بۆ بچووككردنه‌وه‌ی پێگه و ئه‌زموونی كوردستان، كه به نموونه‌یه‌كی جوان و سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێ له عێراقی دوای سه‌دام.
ڕه‌نگه به‌لای زۆرێكه‌وه ئه‌و دۆخه‌ی له به‌غدا و باشووری عێراق ده‌گوزه‌رێ شه‌ڕی ناوخۆیی و ناكۆكییه‌كانی نێو ماڵی شیعه بێ، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌و بێنه‌وبه‌رده‌یه‌ی شیعه‌كان ده‌یكه‌ن، سه‌ره‌نجام زۆرترین كاریگه‌ریشی به‌سه‌ر كورد و سوننه و پێكهاته‌كانی تریش ده‌بێ، چونكه ئیتر سیاسییه‌كانی شیعه له‌مه‌ودوا فشاری شه‌قام بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی پێكهاته‌كان له عێراق به‌كارده‌هێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش ڕوو بدات و كورد و سوننه ڕه‌تی بكه‌نه‌وه، ئه‌وا دۆخه‌كه به ته‌واوی به‌ره‌و مه‌ترسی گه‌وره‌تر هه‌نگاو ده‌نێت.
هه‌رچه‌نده له كوردستان چه‌ند جارێك خه‌ڵكی به ناڕێكخراوی بۆ پشتیوانی خۆپێشانده‌ران چوونه به‌غدا، به‌ڵام به‌شی زۆری كوردیش له‌و بڕوایه‌دان كه به‌رانبه‌ر به‌و كێشه‌یه بێ هه‌ڵوێست بن، چونكه ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌یادنه‌چووه كه كاتێك هێزه‌كانی عێراق هێرشیان كرده سه‌ر پێشمه‌رگه هیچ كه‌س له به‌غدا و به‌سڕه هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر كورد نه‌بوو، كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نی به سه‌دان هه‌زاری ئاواره بوون، خه‌ڵكێكی زۆریش له‌لایه‌ن میلیشیاكانی شیعه‌وه شه‌هیدكران و ماڵه‌كانیان وێران كرا، بۆچی ئێسته كورد پشتیوانی خۆپێشانده‌ران بكه‌ن، كه له‌لایه‌ن هه‌مان هێز و گرووپی میلیشیاكانه‌وه ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆیان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت.
كورده‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه كێشه‌ی عێراق به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستوور نییه، به‌ڵكوو جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووره، بۆیه پشتیوانی له‌و ده‌ستووره ده‌كه‌ن و داوای جێبه‌جێ كردنی ده‌كه‌ن، له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی داوای خۆپێشانده‌ران و گۆڕینی ده‌ستووری عێراق، كه ئێسته له په‌رله‌مانی عێراق لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه و كورده‌كانیش تێیدا ئه‌ندامن، پێشبینی ده‌كرێ جارێكی تر به‌غدا و هه‌ولێر به‌ره‌و ڕووی یه‌كتر بكاته‌وه، چونكه هه‌ولێر هه‌رگیز ئاماده نییه سازش له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانی بكات و گۆڕانكاری له‌و بڕگه و مادده ده‌ستووریانه بكرێ كه پێوه‌ستن به مافی كورد و پێكهاته‌كانی تره‌وه، به تایبه‌ت پێكهاته‌كانی وه‌ك توركمان و ئاشووری و كلد و سریان، پێكهاته ئاینییه جیاوازه‌كان كه له ناوچه‌كانی عێراق به گشتی و له كوردستان به تایبه‌تی ده‌ژین.
ده‌ستبردن بۆ مافی كورد و پێكهاته‌كان سه‌ره‌تای جیابوونه‌وه‌ی حه‌قیقی ده‌بێ له عێراق
پرسی بودجه و نه‌وت و پێشمه‌رگه و ماده‌ی 140 و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی، گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه ده‌بن، كه كورد به ته‌واوی له‌سه‌ری سوورن و نایانه‌وێ گۆڕانكاری تێدا ئه‌نجام بدرێت، جیا له‌وه‌یش یه‌كسانی له سوپا و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت خواستی ئه‌وانه كه به گوێره‌ی یاسا و ده‌ستوور دیارییكراوه.
تا ئێسته بڕیاری
هه‌مواری ده‌ستوور به‌شێوه‌یه‌كی سیمبۆلی و بۆ ڕازیكردنی خۆپێشانده‌رانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه ببێته به‌شێك له گۆڕانكارییه‌كانی عێراق، پێشبینی ده‌كرێ دۆخی پێوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و ته‌واوی پێكهاته‌كان جارێكی تر به‌ره‌و بێمتمانه‌یی و لاوازی بباته‌وه و سه‌ره‌نجامیش مه‌ترسی هه‌یه كه به ته‌واوی دۆخه‌كه له‌یه‌كتر هه‌ڵوه‌شێته‌وه، چونكه كورده‌كان پێشتر هه‌میشه دووپاتیان له‌وه ده‌كرده‌وه، كه ئه‌وان به ویستی خۆیان به مه‌رجی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌ی ده‌نگی له‌سه‌ردرا له عێراق ماونه‌ته‌وه، یه‌كیه‌تیی عێراقیش وه‌ك له دیباجه‌ی ده‌ستووره‌كه هاتووه ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه.