بەرپرسێكی ئەمەریكا: هێرشێكی ئێران بەڕێگەوەیە

:: PM:05:57:04/12/2019 ‌

دوێنێ پێنج مووشەك ئاراستەی بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق كران، ئەمڕۆش بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی رای گەیاند كە ئاماژە هەیە بەوەی هەڕەشە و هێرشێكی نزیكی ئێران بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرێگەوەیە.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوو لە عێراق و لبنان و ناوخۆی ئێران دۆخەكە بۆ ئەو وڵاتە باش نەبوو و خۆپێشاندانی فرەوانی جەماوەری لەدژی ئێران و پارتە سیاسییەكانی سەر بە ئێران و دەسەڵاتدارانی ئێران هەبوو، جیا لە هێرشەكەی دوێنێ و ناو بەناو بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمەریكا و سعوودیەی لەپشتەوەی ئاڵۆزییەكان دانا.
ئەمەریكا: هەر هێرشێكی ئێران زیان بەخۆیان دەگەیەنێت
وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" لە بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكای گواستەوە كە ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن ئێران نیازی هێرشێكی نزیكی هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی لە بەرپرسانی پنتاگۆن و ئیدارەی ئەمەریكای گواستەوە بەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاماژە بۆ ئەگەری هەڕەشەی ئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن. 

بەرپرسێكی ئەمەریكی لەوبارەوە دەڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەو هێرشەی ئێران دەكەن و بەرپرسێكی تریش دەڵێت زانیارییە هەواڵگرییەكان لە مانگی نۆڤێمبەری رابردوو ئاماژە بۆ ئەگەری ئەو هێرشە دەكەن. 

ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمەریكا هاوكاتە لەگەڵ رەچاوكردنی جموجۆڵی هێزەكانی ئەمەریكا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو كە وای كردووە ئەمەریكا پێشبینی هێرشێكی ئێرانی بكات، بەڵام زانیارییەكان وردەكاری ئەو هێرشەیان دیاری نەكردووە.

لای خۆیەوە جەنەراڵ كینیس ماكنزی فەرماندەی سەركردایەتی ناوەندی ئەمەریكی بەمدواییە لە كۆنگرەی تەناهی بەحرێن رای گەیاند كە ئەگەر تێبینی چەند مانگی رابردوو بكەین پێشبینی كارێكی نابەرپرسانەی ئێرانی دەكەین، ئێمە دەمانەوێ ئەو پەیامەیان پێ بگەیەنین بەوەی ئەو كارە لەسەر ئاستی درێژخایەن بۆ ئەوان باش نییە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل