رۆژنامەیەكی بەریتانی: عێراق لەهەر كاتێكی تر لە لێكەڵوەشانەوە نزیكترە

:: PM:06:39:04/12/2019 ‌

ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی دۆخی عێراق بەردەوامن، رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی ئەمڕۆ چوارشەم ئاماژەی كرد كە ناڕەزایەتییەكانی عێراق هاوشێوەی بەهاری عەرەبین لە 2011 و ئێستە عێراق لەهەر كاتێكی تر لە لێواری هەڵدێر و لێكهەڵوەشانەوە نزیكترە، هاوكات ئێران دەیەوێ ئەو بۆشاییەی لە دەسەڵات دروست بووە، پڕی بكاتەوە. 
ئەستەمە دەسەڵاتی عێراق سەركردەیەك بە ویستی خۆپێشاندەران دیاری بكات
رۆژنامەكە دەڵێت، ئەو عێراقەی بەسەر گفتوگۆی سەربازی و ستراتیجی رۆژئاوا لە قۆناغی دوای جەنگی سارددا زاڵ بوو، ئێستە گەیشتووەتە لێواری هەڵدێرەكە و زیاتر لەهەر كاتێكی تر لە لەوەتەی داگیركردنی لەلایەن ئەمەریكاوە لە 2003 لە لێكهەڵوەشانەوە نزیكە.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، دوای دوو مانگ لە خۆپێشاندان و كوژرانی نزیەی 450 كەس و برینداربوونی هەزاران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ناچاری دەستلەكاركێشانەوە كرا و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی لە دەسەڵات كە ئێران هەوڵی پڕكردنەوەی دەدات، لەوكاتەی دیارە كە توانای رۆژئاوا بۆ كاریگەری لەسەر رووداوەكان زۆر سنووردارن.

رۆژنامەكە ئاماژەی كرد، تەنگژەی عێراق رەنگدانەوەی شكستی چارەسەركردنی دەستووری كێشەكانە، كاتێك رژێمی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی تایفی بۆ پاڵپشتیكردنی سەقامگیری دانراوە لە رێگەی مسۆگەری پۆستەكان بۆ لایەنە كێبەركێكارەكان وەك شیعە و كورد و سوننە، ئەوەش بووە هۆی تەشەنەكردنی گەندەڵی كە زەرەری گەورەی لە ئابووری عێراق دا و رێژەی بێكاری زۆرە و خزمەتگوزارییەكان خەریكە هەرەس دێنن و ناڕەزایەتییەكی قووڵی گەنجانی لێ كەوتەوە و ئەوان داوای چاكسازی سیاسی و ئابووری دەكەن.

رۆژنامەكە لە كۆتاییدا ئاماژە دەكات كە پێناچێت چینی سیاسی لە عێراق ئامادەی وەڵامدانەوەی خۆپێشاندەران بن كە سەرەڕای بەڵێنەكانی چاكسازی، مامەڵەی حكوومەت لەگەڵ خۆپێشاندەران توندتر بوو، بۆیە ئەستەمە پێشبینی یان گەشبینی هەبێت بەوەی سیستەمێكی فەرمانڕەوایی وەك ئەوەی عێراق كە یاریكەری زۆر كۆنترۆڵی دەكەن، بتوانێت سەركردەیەكی بەتوانا بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپێشاندەران دیاری بكات.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل