عادل عەبدولمەهدی: سیستەمی ئێستەی هەڵبژاردن قۆرخكاری دەسەڵاتە لەلایەن حزبەكانەوە

:: PM:07:30:04/12/2019 ‌

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە و سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق تیشكی خستە چەند پرسێكی ئێستەی عێراق و دووپاتی كردەوە كە سیستەمی ئێستەی هەڵبژاردن لە خزمەتی پارتە سیاسییەكانە و لەو رێگەوە دەسەڵات قۆرخ دەكەن، هاوكات گەنجان لە ناوەندی بڕیاردان دوور دەخاتەوە. 
هێزە سیاسییەكان لە رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكان رژد نەبوون
عەبدولمەهدی لە میانی وتەیەكی لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، پێویستە بەدوای جێگرەوەیەكی گونجاو بۆ ئەو سیستەمەی هەڵبژاردن بگەڕێین، ئێستە حكوومەت كاربەڕێكەرە و ئەگەر دەستمان لەكار نەكێشابووایەوە وڵات دەچووە ناو تەنگژە، بۆیە چارەسەرێك بوو بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، ئێمە دوو رێگەمان لەپێش بوو یان حكوومەت دەستلەكار بكێشێتەوە كە ئەوەمان كرد، یان شوێنەكە چۆڵ بكەین و سەرۆك كۆمار ببێتە سەرۆك وەزیران و ئەنجوومەنەكە بۆ 15 رۆژ بەردەوام بێت تا كاتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ و ئەوەش كێشەكەی ئاڵۆزتر دەكرد.

لەبارەی هۆكاری دەستلەكارنەكێشانەوەی لەسەرەتای خۆپێشاندانەكان گوتی، ئەوكات سەخت بوو، چونكە كاتێك تەنگژە دروست دەبێت ناكرێت فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان وڵات لە دۆخێكی تەمومژاوی جێبێڵێت، خۆپێشاندانەكان چەندان تەنگژەیان تەقاندەوە و هەمووانی لە بوونی هاوكێشەیەكی داخراو ئاگەدار كردەوە كە هێزە سیاسییەكان رژد نەبوون لە رووبەڕووبوونەوەیان.


عەبدولمەهدی ئاماژەی كرد كە ئەو شۆرشانەی لە زۆرێك لە وڵاتان كران وەك چین و ئەمەریكا و فڕەنسا رۆڵەیەكی زۆری ئەوانی كردە قوربانی بەر لەوەی بگەن بە سەقامگیری، ئەگەر خۆپێشاندانەكان لە سەرەتای دەسەڵاتی حكوومەتەكەی بووایە قوربانیان زۆر لەوە زیاتر دەبوون و ئەوەش پاساو نییە بۆ ئەو ژمارە قوربانییەی كەوتوونەتەوە.

عەبدولمەهدی روونی كردەوە كە دەستلەكاركێشانەوەكە چارەسەرێكی تەنگژەی ئێستە و هێوركردنەوەی دۆخەكە بوو لەسەر داوای مەرجەعیەت، ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەكەش قبووڵ نەكرابووایە، وڵات دەچووە ناو تەنگژەی زیاتر، بۆیە ئێستە پێویستە هێزە سیاسییەكان بەپەلە كار بۆ دانانی سەرۆك وەزیرانێكی تر بكەن.

سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق گوتی، دەبوایە بودجەی لە مانگی تشرینی یەكەم رەوانەی پەرلەمان بكرایە، ئێستەش هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو پڕۆژەكە دەدەین، بۆچوون هەیە بەوەی حكوومەتی كاربەڕێكەر توانای رەوانەكردنی پڕۆژەكەی بۆ پەرلەمان نییە، بەڵام ئێمە لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی شێوازێكی تر و پێویستە جێگرەوەی حكوومەتی كاربەڕێكەر بدۆزرێتەوە، لەوەتەی كۆماری عێراق دروست بووە حیساباتی كۆتایی ساڵ رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، ئێمە كار دەكەین بۆ رەوانەكردنی كە بێ ئەوانە ناتوانرێت لێپرسینەوە لەگەڵ كەس بكرێت. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل