ئەگەر هەیە گەندەڵییەكانی عێراق رەوانە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكرێن

:: PM:09:44:04/12/2019 ‌

شارەزایەكی یاسایی دووپاتی كردەوە كە دوای داواكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و قسەكانی دوێنێی نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەتوانێت دۆسیەكانی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات.
داواكاری گشتی دەتوانێت فەرمانی گرتن بۆ داواكراوان لەو دۆسیانە دەربكات
عەلی تمیمی ئەمڕۆ چوارشەم لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، دوای داواكەی سەرۆك كۆماری عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان بە حسێبكردنی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی لە عێراق وەك تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و راپۆرتەكانی لەوبارەوە گەیشتوونەتە نەتەوە یەكگرتووەكان و قسەكانی دوێنێ جینین بلاسخارت لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، بەو پێیەش كە عێراق ئەندام نییە لە رێككەوتنی رۆما تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی دەسەڵاتەكانی بۆی هەیە ئەو دۆسیانە رەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكات. 

زیاتر گوتی، ئەو بابەتە لە تایبەتمەندی دادگاكەیە و ئەگەر ئەو دۆسیانە بە وردەكارییەوە بەوێ گەیشتن، ئەوكات داواكاری گشتی مافی ئەوەی هەیە فەرمانی گرتن بۆ داواكراوان لەو دۆسیانە دەربكات و حكوومەتی عێراق ناچار بكات بەرادەستكردنیان، هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش بۆی هەیە دادگەی تایبەت بەو پرسە بەراوێژ لەگەڵ حكوومەتی داهاتووی عێراق دامەزرێنێت.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل