ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە كۆی 12 هەزار دۆسیەی بەردەستی، كاركردن لە هەشت هەزار دۆسیە كۆتایی هاتووە. گوتەبێژی حكوومەتی عێراقیش دەڵێ، ناكرێت پاشەكشە لەو دۆسیانە بكرێت و دەبێت كاری رژد بكرێت بۆ گرتنی گەندەڵكاران.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی كانوونی یەكەم، سەعید یاسین مووسا ئەندامی چاودێر لە ئەنجوومەنی باڵای گەندەڵی رای گەیاند، 12 هەزار دۆسیەی گەندەڵی سەلمێنراو هەن، كار كردن لە هەشت هەزار دۆسیەیان لە ئەنجوومەنی باڵا و دەستەی دەستپاكی و ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی كۆتایان هاتووە، ماوەتەوە رەوانەی دادگای تایبەتمەند بكرێن تا بڕیاری كۆتایان لەسەر بدات.
سەعید زیاتر گوتی "هێشتا چوار هەزار دۆسیەی تر ماون كە كاریان لەسەر دەكرێت، بەشی زۆری ئەو دۆسیانە پەكخراون بەهۆی دەستوەردانی وەزیر و بەرپرسانی باڵا بەشێوەی راستەوخۆ".
بەشی زۆری ئەو دۆسیانە پەكخراون بەهۆی دەستوەردانی وەزیر و بەرپرسانی باڵا بەشێوەی راستەوخۆ
یەكێك لە هۆیە بنەڕەتییەكانی خۆپێشاندانەكانی دوو مانگی رابردوو كە تا ئێستە بەردەوامە و بەهۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەستی لەكار كشاندەوە، گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو.
سەعد حەدیسی گوتەبێژی حكوومەت عێراق بۆ رۆژنامەی "
سەباح"ـی عێراقی رای گەیاند، دادگایەكی تایبەت بە تاوانەكان گەندەڵی پێكهێنراوە كە ئەركی تەنیا بینینی دۆسیەكانی گەندەڵی دەبێت، بەمەش دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەبێتە پرسێكی ناوەندی.
زیاتر روونی كردەوە، دادگاكە چەند دەستەیەكی لێكۆڵینەوەی لە هەموو دادگاكانی تێهەڵچوونەوە پێكهێناوە و ئەو دەستانە بڕیاری گرتنیان دەركردووە بۆ چەندان كەس، تەنانەت بڕیاری رێگرتن لە گەشت و دەستبەسەركردنی ماڵوموڵكیان، گوتی "تەنانەت بەمدواییە بڕیاری گرتنی بۆ هەندێك بەرپرسیش دەركردووە".