ئێران بە نهێنی لە عێراق جبەخانەی مووشەكی دامەزراندووە

:: AM:09:48:05/12/2019 ‌

میدیاكانی ئەمەریكا باس لە زیادبوونی مەترسییەكانی ئێران لەسەر ئەمەریكا لە عێراق دەكەن و ئاشكرای دەكەن، ئێران جبەخانەیەكی مووشەكی بە نهێنی دامەزراندووە و دەیەوێ دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەكاریان بهێنێت. جۆری ئەم مووشەكانە كورتهاوێژن.

ئێران چالاكییەكانی خۆی لە سەپاندنی هەژموونی سەربازی زیاتر پەرە پێ داوە

"بی بی سی" لە زاری نیویۆرك تایمز ئاماژەی بەو راستییە كردووە كە لەگەڵ بوونی خۆپێشاندان و نائارامی لە عێراق، ئێران چالاكییەكانی خۆی لە سەپاندنی هەژموونی سەربازی زیاتر پەرە پێ داوە و هەر لەو ماوەیەدا بە نهێنی كۆگایەكی دامەزراندووە كە مووشەكی كورتهاوێژی تێدا دەپارێزرێت.

ئێلیسا سولتكین نوێنەری دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە رۆژنامەكەی گوتووە، زۆر سەیرە هیچ كەسێك گرنگی بەوە نەدا كاتێك ساڵی رابردوو ئەمە بڵاو كرایەوە، ئێران مووشەكی بالیستیكی بۆ عێراق گواستووەتەوە. ئەو پێی وایە ئەو پاشاگەردانییەی لە عێراق هەیە دەرفەتی زێڕینە بۆ ئێران تا پەرە بە سیاسەتەكانی خۆی بدات.

ئەو خاتوونە یەكێك بووە لە بەرپرسە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا كە پێشتر لە عێراقیش كاری كردووە. ئەو هاوكات ئەندامی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی جۆرج دەبلیو بۆش و ئۆباما سەرۆكەكانی پێسووی ئەمەریكا بووە و لە پێنتاگۆنیش كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی گرنگی وەرگرتووە.

بەرپرسانی تەناهی ئەمەریكا بە رۆژنامەكەیان گوتووە، ئەم جبەخانەیەی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و سعوودیە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.




وشە - سلێمان تاشان