بازاڕی نەوت چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەی ئۆپێك دەكات

:: AM:11:05:05/12/2019 ‌

كۆبوونەوەی ئۆپێك لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوە دەچێت و وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئەندام پەیتا پەیتا لە رێی فڕۆكەخانەوە خۆیان بەم كۆبوونەوەیە دەگەیەنن تا لە رۆڵیان هەبێت لە دواین بڕیار كە لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن رێكخراوەكەوە دەردەكرێت.

زۆر لە وەزیرەكان هەر دوێنێ چوارشەم گەیشتبوونە شوێنی كۆبوونەوە  و "ئافتاب نیوز"یش بڵاوی كردەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمیش وەزیری نەوتی ئێران خۆی گەیاندە ڤیەننا. ئەمە 177 كۆبوونەوەیە كە ئەم رێكخراوە گرێی دەدا.

سوهێل بن محەمەد وەزیری نەوتی ئیمارات چەند سەعاتێك بەر لە كۆبوونەوەكە باسی لەوە كرد كە هەموو هەوڵێكیان ئەو دەبێ بڕیارێك بدەن دواجار بازاری نەوت سوودی لێ وەربگرێت.

یەكێك لە كۆبوونەوەكان پێنج سەعاتی خایاندووە، بەڵام هیچ كام لە ئەندامانی بەشداربوو بۆ میدیاكاران قسەیان نەكردووە.
پێشتر لەسەر كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت رێككەوتبوون

پێویستە بگوترێت وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك و رووسیا پێشتر لەسەر كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت رێككەوتبوون و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆكەشدا لەوانەیە ئەم بڕیارە هەڵوەشێتەوە یان درێژەی پێ بدرێت. 

لە ساڵی 2015 نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و لە سەرەتای 2014 كە لە سەرووی 100 دۆلار دەفرۆشرا، لە كۆتایی 2015 بۆ خوارووی 30 دۆلار دابەزی. زۆریی  بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك دەرەنجامی ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە لە نرخی نەوت بوو، بۆیە وڵاتانی ئۆپێك بە هاوكاری رووسیا هەموو هەوڵەكانی خۆیان بەگەڕ خست تا بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نرخەكەی بەرز بكەنەوە. 

ئەوان لەوكاتەوە هەموو ساڵێك یەك یان دوو كۆبوونەوەی گرنگیان گرێ داوە و درێژەیان بە سیاسەتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت داوە. دەگوترێت هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە دەتوانێ كاریگەری زۆر خراپ بخاتە سەر بازاڕی نەوت و نرخەكەی كەم بكاتەوە.
عێراق پێشنیاری كردووە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی تر كەم بكرێتەوە

وەزیری نەوتی عێراق پێشنیاری ئەوەی كردووە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی تر لە لایەن ئۆپێك كەم بكرێتەوە، هاوكات سعوودیەش لەگەڵ ئەوەدایە هەناردە كەم بكرێتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوتەكەی بەرز ببێتەوە، ئێرانیش كە خۆی رێی هەناردەی لێ گیراوە و بڕێكی زۆر كەم هەناردە دەكات لەگەڵ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتە بەو هیوایەی ئەو برە نەوتە كەمەی هەناردەی دەكات پارەیەكی باشتر بكات. ئێران كە بەر لە سزاكانی ئەمەریكا سەرووی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكرد، مانگی رابردوو شتێك لە سەرووی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە.

دەمێنێتەوە رووسیا كە بە پێچەوانەی كۆبوونەوەكانی رابردوو رەنگە ئیتر حەز نەكات بەرهەمهێنان كەم بكرێتەوە، چونكە ئەو وڵاتە كۆمەڵێك گرێبەستی لەگەڵ چین ئەنجام داوە و خوازیارە بەرهەمی زیاتر بۆ چین رەوانە بكات.

بەپێی پێشبینییەكان لە ساڵی 2020 ئاستی داخوازی بازاڕ بۆ كڕینی نەوت كەم دەكات و دۆخەكەش ئەوە دەخوازێت وڵاتانی  ئۆپێك درێژە بە سیاسەتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.
لەوانەیە لە ساڵی 2020 نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار كەم ببێتەوە

لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای توێژینەوەی "ریستاد ئینرجی" پێشبینی ئەوەی كردووە ئەگەر لە كۆبوونەوەی ئەمجارەی ئۆپێك لە ڤیەننا وڵاتان لەسەر دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت رێك نەكەون، ئەوا لەوانەیە لە ساڵی 2020 نرخی نەوت بۆ 40 دۆلار كەم ببێتەوە كە لەو كاتەدا تەواوی وڵاتانی بەرهەمێنەری نەوت زیانیان بەردەكەوێت.

بەگوێرەی livechart لەگەڵ دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی ئۆپێك، دوێنێ چوارشەم نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە و لە 61 دۆلار و 80 سەنتەوە بەرەو سەرووی 64 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دەگوترێت ئەوەی بووە هۆی  بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بریتی بوو لە دواین ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا كە باس لە كەمبوونەوەی دەكرێت.

هەفتانە ئەگەر نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا روو لە دابەزین بكات، ئەوا راستەوخۆ نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە و بەرزبوونەوەی ئەم بڕە نەوتەش كە لە كۆگاكانی ئەمەریكا دەپارێزرێت، نرخی نەوت نزم دەكاتەوە.

ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 63 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت


لە شەوی رابردووەوە لە ژێر كاریگەری كۆبوونەوەی ئۆپێك نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 63 دۆلار و 60 سەنت دەفرۆشرێت.

پێویستە بگوترێت نرخی نەوت هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو و ئەم بەرزبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت كە هەفتەی رابردوو لە دواین رۆژی هەفتە بازاڕی بۆرسە نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی.

نیل ئینكینس سەرۆكی بەشی نەوت لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی ئەوەی كردووە جارێ ئۆپێك لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت یان زیادكردنی، بڕیارێكی ئەوتۆ دەرنەكات و چاوەڕوانی دۆخەكە بكات و هەر كاتیك بەرچاوڕوونییەكەی زیاتر بوو لەوبارەیەوە، بڕیاری كۆتایی دەربكات.







وشە - سلێمان تاشان