ئه‌مساڵ بۆ دووه‌م جار تیرۆریستانی داعش هێرشیان كرده سه‌ر بنكه‌ی ئاسایشی كوڵه‌جۆی سه‌ربه ئاسایشی گه‌رمیان. نه‌بوونی چه‌كی باش له‌و شوێنانه‌ی ئه‌گه‌ری هێرشی تیرۆریستی له ئارادایه و هێشتنه‌وه‌ی چه‌ك لای به‌رپرسه‌كان و باخه‌كانیان، نیگه‌رانی خه‌ڵك و فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
عه‌قید به‌ختیار حه‌مه‌ساڵح یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به"وشه"ی راگه‌یاند، له سنووری كوڵه‌جۆ پێویست ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و هه‌ر دوژمنێكی تر پلانی تۆكمه دابنرێت.
ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه "نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق رێخۆشكه‌ره بۆ زیندووبوونه‌وه‌ی داعش". بۆیه پێی باشه "پێشمه‌رگه و سوپا هاوئاهه‌نگییان هه‌بێ بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی داعش و خاپووركردنی پێگه و باره‌گه‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن چالاكی دژی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن".
فه‌رمانده‌كه به پێویستی ده‌زانێ كه له‌و خاڵانه‌ی مه‌ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌و هێڵه‌ی له خانه‌قینه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه تا ده‌گاته سنووری قه‌ره‌ته‌په و خورماتوو، چه‌كی قورس و باش هه‌بێ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن، به‌ڵام به‌داخه‌وه گوله‌نه‌بڕ و هه‌مه‌ڕه‌كان بوونیان نییه.
عه‌قید به‌ختیار حه‌مه‌ساڵح به‌ڵگه‌ی بۆ قسه‌كانی هێنایه‌وه و گوتی، "له سه‌ره‌تای جه‌نگی دژ به داعشه‌وه لیواكه‌یان كه لیوای پێنجی هێزی پێشمه‌رگه‌یه 60 شه‌هیدیشیان هه‌یه، كه‌چی چه‌كی پێشكه‌وتوویان لا نییه".
سه‌رباری ئاشكراكردنی هه‌بوونی چه‌كی گوله‌نه‌بڕ و زۆرباش له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی لیوای پێنجی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه، هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كرێ كه كڕین و فرۆشتن به چه‌كی بچو‌وكیش درێژه‌ی هه‌یه.
به‌كر محه‌مه‌د فرۆشیاری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له كه‌لار، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی دركاند كه له بازاڕی چه‌كفرۆشانی گه‌رمیان، كڕین و فرۆشتن به چه‌كی نوێ كراوه. ددانی به‌وه‌یشدا نا "له‌لایه‌ن كه‌سانی نزیك له به‌رپرسانه‌وه مامه‌ڵه‌یان پێوه كراوه".
له هێرشه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته بۆ سه‌ر ئاساسیشی كوڵه‌جۆ سێ شه‌هید و سێ بریندار هه‌بوون كه یه‌كێك له شه‌هیدان به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش خۆی بوو به ناوی راید "سمكۆ".
لای خۆیه‌وه عه‌مید عیرفان حه‌مه‌خان فه‌رمانده‌ی هێزی گه‌رمیانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌ربه یه‌كه‌ی هه‌شتا /پارتی/، به"وشه"ی راگه‌یاند، كوڵه‌جۆ لیوای پێنجی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشی لێیه نه‌ك به‌ته‌نیا هێزی ئاسایشی گه‌رمیان.
مه‌حه‌خان بوونی چه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ ره‌ت ناكاته‌وه. به‌ڵام ده‌ڵێ "شه‌ڕی ئێسته‌ی داعش یا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه كه شه‌هیدی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، بۆ نه‌بوونی چه‌ك لای هێزی پێشمه‌رگه ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو داعش ماوه‌یه‌كه جۆری شه‌ڕكردنی گۆڕیوه بۆ شێوه‌ی پارتیزانی نه‌ك شه‌ڕی به‌ره‌یی، چونكه دزه ده‌كه‌نه نزیك پێشمه‌رگه و ئاسایش و له رێی چاندنی بۆمب و ته‌قه‌كردن له دووره‌وه، به خێرایی هێرشه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پاشان له ناوچه‌كه دوور ده‌كه‌ونه‌وه".
ئه‌و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگری به‌هێز بكرێ و كار بۆ دانانی مه‌فره‌زه بكرێ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و ئاسایشه‌وه، ئاگاداری جووڵه‌كانی داعش بن و له كاتی هێرشه‌كاندا خێرا به‌رپه‌رچیان بده‌نه‌وه.
چه‌كی باش له باخی به‌رپرسانه نه‌ك به‌ره‌ی جه‌نگ
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له مه‌ڵبه‌ندی 11ی رێكخستنی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه ناوی لای "وشه" پارێزراوه، ئاشكرای كرد، "پاش رووداوی شه‌هیدكردنی رائید سمكۆ و چه‌ند به‌رپرسێكی تر، مقۆمقۆیه‌ك دروست بووه له‌سه‌ر بوونی ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی جۆری زریپۆش و درع له باخی به‌رپرسه ناسراوه سه‌ربازییه‌كان له ده‌وروبه‌ری كه‌لار كه به‌ره‌ی جه‌نگ نین، پێمان وایه ئه‌وه ده‌بێته هۆی دروستبوونی رق و ناڕه‌زایی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌و پێشمه‌رگه و ئاسایشانه‌ی له به‌ره‌كانی جه‌نگدان".
به‌ڵام ئه‌حمه‌د له‌تیف گوته‌بێژی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ی كوردستان /یه‌كێتیی/، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، پرسی بوونی چه‌كی باش و تۆكمه له‌لای به‌رپرسان، قسه‌ی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه به میزاجی خۆیان قسه ده‌كه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێت "داعش جۆری جه‌نگی گۆڕیوه و تاكتیكی جه‌نگی گۆڕیوه و قورسترین چه‌كیش به‌كاری بهێنێت، قه‌ناس و بی كه‌یسییه".
وه‌ك گوته‌بێژی هێزه‌كانی حه‌فتا ئاماژه‌ی پێ كرد، وه‌زیری پێشمه‌رگه له دووی ئه‌م مانگه سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردووه و به‌رنامه‌ی داناوه بۆ چۆنێتیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش.
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی مه‌ترسییه‌كانی داعش، له به‌ره‌ی شاره‌دێی كوڵه‌جۆی سه‌ربه شارۆكه‌ی كفری كه ده‌كه‌وێته نێوان كه‌لار و شاره‌دێی گوڵاڵه، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌و ناوچه‌یه میحوه‌ری پێشمه‌رگه دروست بكرێ، سه‌رباری ناڕه‌زایی ئیداره‌ی ناوچه‌كه و هاتنه ده‌نگی رۆژنامه‌نووسان و چالاكانی مه‌ده‌نی، كه‌چی مه‌حموود سه‌نگاوی باره‌گه‌ی میحوه‌ره‌كه‌ی له كه‌لار دروست ده‌كات، له كاتێكدا كه‌لار ناوچه‌یه‌كی ئارامه، به‌ڵام سه‌نگاوی بایه‌خی بۆ ناڕه‌زایی و خواستی خه‌ڵك دانه‌نا.
وشه/به‌دواداچوونی سه‌بری هۆرێنی