شیرین ئەمین: دۆسیەی کاوە گەرمیانی کۆتایی نەهاتووە

:: PM:01:33:05/12/2019 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی كانوونی یەكەم، لە شەشەمین ساڵوەگەڕی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، گوڵ و قەڵەم لەسەر گڵكۆی دانرا و هاوژینەكەشی باس لەوە دەكات دۆسیەكەی كۆتایی پێ نەهاتووە.

 جگە لە دانانی گوڵ لەسەر گڵكۆی گەرمیانی، كۆمەڵێك قەڵەم بەسەر گۆڕەكەدا هەڵواسراون بە هێمای ئەوەی گەرمیانی تەنیا لەبەر نووسین تیرۆر كراوە.
رێوڕەسمی شەش ساڵەی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو


شیرین ئەمین هاوژینی كاوە گەرمیانی تایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، لە رێوڕەسمی شەش ساڵەی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە دۆسیەی شەهید كاوە كۆتایی پێ نەهاتووە.


ئەو گوتی پاش شەش ساڵ لە دەرەوەی دادگاوە لە رێی لینكی تایبەتەوە سەرقاڵی دۆزینەوەی زانیاری و بەڵگەیە لەسەر ئەم دۆسیەیە و جارێ زانیاری نوێ ئاشكرا ناكات و دەڵێ، "بەردەوامی رێوڕەسمی شەهید كاوە و بەزیندوو هێشتنەوەی یادەكە نیشانەی ئەوەیە داكۆكی لەمافی هاووڵاتییان كردووە و بە ناحەق تیرۆر كراوە."


وا بڕیارە خەڵاتی كاوە گەرمیانی ئەمساڵ بە كەسایەتییەكی نێودەوڵەتی بدرێ و تا شەویش چالاكییەكانی یادكردنەوەی شەهیدی قەڵەم كاوەگەرمیانی بەردەوامی دەبێ.


لە 5 / 12 / 2013 رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی لە گەڕەكی سەركەوتنی كەلار بە بەرچاوی دایكی گولەباران كرا و پاشتر دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی بەتۆمەتی دەست هەبوون لەو تاوانە رووبەڕووی دادگا كرانەوە.

 ئاسایشێك پاش دداننانی بەتاوانی كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە ساڵانیكە لە گرتووخانەدایە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 





















وشە - سلێمان تاشان