بەشیر حەداد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ سێ خاڵ دەستنیشان دەكات

:: PM:02:11:05/12/2019 ‌
هەفتەیەك بەسەر  دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی تێدەپەڕێت، پاش سازشی سائیروون هیچ لیستێكی پەرلەمانی ئامادە نییە بەرپرسیاریەتی هەڵگرێت و ناوی كاندیدێك بداتە سەرۆك كۆمار. بەشیر حەداد وێڕای دووپات كردنەوە لەوەی ناوی هیچ كاندیدێك بۆ پەرلەمان نەهاتووە، ئاماژە بە سێ خاڵی گرنگ دەدات كە هەفتەی داهاتوو روون دەبنەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئەوانیش گوتاری هەینی مەرجەعییەت، پڕۆژەی دادگای باڵای فیدڕاڵ بۆ لیستی گەورەی پەرلەمانی و دەركەوتنی نوێنەرانی خۆپێشاندەران.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی كانوونی یەكەم، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێ دەستوور لە ماوەی 15 رۆژدا، لە رۆژی دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك كۆمار كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت رادەسپێرێت، بەمەش دەبێت سەرۆك كۆمار چاوەڕوانی لیستی گەورەی پەرلەمان بكات بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك، بەڵام هاوپەیمانی سائیروون كە خۆی پێ لیستی گەورەی پەرلەمانە لەو مافە خۆشبووە و دەسەڵاتی بە سەرۆك كۆمار داوە.

هیچ ناوێك بە سەرۆك كۆمار نەدراوە و سەرۆك كۆماریش هێشتا هیچ ناوێكی بۆ پەرلەمان نەناردووە، ئێمەش لە پەرلەمان چاوەڕوانین ناوێك بێتە پەرلەمان


جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا كە ئێستە پرسی لیستی گەورە لەناو پەرلەمان كێشەی لەسەر هەیە، بەوەی كێ لیستی گەورەی پەرلەمانە، چونكە بەپێی شیكردنەوەی دەستوور دەستنیشانكردنی لیستی گەورەی پەرلەمان دەبێت دادگای باڵای فیدڕاڵ بڕیاری لەسەر بدات كە ئایا هاوپەیمانی سائیروون لیستی گەورەی پەرلەمانە یان دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەك لە نێوان لیستەكانی پەرلەمان، گوتی "ئەمە كێشەی لەسەرە و دیار نییە كامەیە لیستی گەورەی پەرلەمان، بۆیە هیچ ناوێك بە سەرۆك كۆمار نەدراوە و سەرۆك كۆماریش هێشتا هیچ ناوێكی بۆ پەرلەمان نەناردووە، ئێمەش لە پەرلەمان چاوەڕوانین ناوێك بێتە پەرلەمان".

بەشیر حەداد لە بارەی خۆ دزینەوەی لیستەكانی پەرلەمان لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی قۆناغی دوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران و خواستی خۆپێشاندەران، ئاماژەی بەوە دا پرسەكە خۆ دزینەوە نییە هێندەی ئەوەی كە خۆپێشاندەران بە كاندیدی لایەنە سیاسییەكان رازی نین و هیچ كەسێكیشیان قبووڵ نییە كە ئێستە لە حكوومەتن یان پێشتر لە حكوومەت بوونە، گوتی "بۆیە هەڵبژاردنی كاندید زۆر ئەستەم دەبێت، تەنانەت ئەگەر كەسێكیش لەلایەن خۆپێشاندەران دەستنیشان بكرێت، ئەوا پێویستی بە پشتگیری لیستەكانی پەرلەمان هەیە تا بتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە كێشەكە پێویستی بە چارەسەرێكی قوڵ هەیە و دەبێت رێككەوتنێك لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بكرێت".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان هێمای بۆ ئەوە كرد كە تا ئێستە بە فەرمی خۆپێشاندەران نوێنەریان دەستنیشان نەكردووە، پێی وابوو لە چەند رۆژی داهاتوودا كەسانێك وەك نوێنەری خۆپێشاندەران بەدیار دەكەون، ئەگەریش لە ماوەی ئەو 45 رۆژە نەتوانرا حكوومەت پێك بهێنرێت، ئەوا حكوومەتی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت.

لە بارەی رۆڵی مەرجەعییەتی سیستانی لە قۆناغی دوای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی كە سبەی هەینی لە كەربەلا و نەجەف گوتاری هەینی دەبێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی، "بێگومان لە گوتاری سبەی و هەینی داهاتووشدا مەرجەعییەت هێڵە گشتییەكان بۆ كابینەی نوێ و خۆپێشاندەران و لایەنە سیاسییەكان دەستنیشان دەكات".



وشە - فه‌رمان سادق