تا دێت تاوان و پێشێلكاری لەدژی خۆپێشاندەرانی عێراق زیاتر ئاشكرا دەبن

:: PM:03:34:05/12/2019 ‌

پێنجشەمی رابردوو هێزە تەناهییەكانی عێراق زۆر بەتوندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران لە نەجەف و زیقاڕ بوونەوە، بەتایبەتی لە پارێزگای زیقاڕ كاتێك لە شاری ناسڕییە بەو هۆیەوە دەیان كەس كوژران و سەتانیش بریندار بوون، سەرچاوە فەرمییەكانی باسی 16 كوژراویان كرد، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە ژمارەی كوژراوان گەیشتووەتە 55 كوژراو و سەتان بریندار كە دۆخی هەندێكیان سەختە.
زەهرایان بە ئەشكەنجە كوشت و تەرمەكەیان لەپێش ماڵەكەی فڕێ دا
خۆپێشاندانەكانی عێراق پێیان نایە سێیەم مانگ و بەردەوامن، لەو ماوەیەدا بە داننانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هێزە تەناهییەكانی عێراق هێزی لەرادەبەدەریان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران بەكار هێناو و قوربانی زۆری لێ كەوتووەتەوە، بەشێوەیەك ژمارەی راستەقینەی كوژراو برینداران زۆر لەوە زیاترە لە رادەگەیەنرێت بەهۆی شاردنەوە و قەدەغەكردنی راگەیاندنی لەلایەن حموومەتی عێراقییەوە.

بەپێی سەرچاوەكە ئاماری فەرمی كە حكوومەت ئاشكرای نەكردوون ژمارەی كوژراوان زیاترە لەوەی باسی دەكرێت و ژمارەیەكیش لە برینداران دۆخیان مەترسیدارە و دوێنێ یەكێكیان گیانی لەدەست داوە، بەشێوەیەك ژمارەی كوژراوانی پارێزگای زیقاڕ لە یەكی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستە گەیشتووەتە 145 كەس.

عەلی سەلمان باوكی زەهرا كچە قوتابی زانكۆ كە بەم دواییە هاتە رفاندن و كوشتن، ئاماژەی كرد كە كچەكەی بەهۆی پاڵپشتیكردنی بۆ خۆپێشاندانەكان كوژراوە و خۆی و كەسوكاری هیچ لاگیرییەكی سیاسیان نییە و پێشتر هەڕەشەیان لێ نەكراوە. 

زیاتر گوتی، من پاڵپشتی دارایی و لۆجیستیم بۆ خۆپێشاندەران دابین دەكرد و كچەكەش لەگەڵم بووە لە گۆڕەپانی تەحریر كە یارمەتیمان بەسەر خۆپێشاندەران دابەش كردووە و وێنەمان گیراوە كە ئەو كارەمان كردووە، دووپاتی كردەوە كە هیچ لایەنێك تۆمەتبار ناكەم بە كوشتنی، ئێمە كوردی فەیلین و دوژمنایەتیمان لەگەڵ كەسدا نییە.

شایەنی باسە ئەو كچە دوای رفاندنی دووچاری ئازاردانێكی زۆر و لێدانی بە تەزووی كارەبا و وەشاندنی چەقۆ و شكاندنی شەویلاكی هاتووەتەوە و بەهۆی سەختی برینەكانی گیانی لەدەست داوە، زەهرا عەلی سەلمان لەدایكبووی 2000 و قوتابی زانكۆ بووە، بەدەستی كەسانی نەناسراو رفێنراوە و تەرمەكەی لەپێش ماڵەكەی فڕێدراوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل