خۆپێشاندان بەردەوامە و پەرلەمانی عێراق چەند پڕۆژە یاسایەكی گرنگ تاوتوێ دەكات

:: PM:04:09:05/12/2019 ‌

ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆك هۆز و پیاوماقوڵانی بەغدا بۆ پاڵپشتیكردنی خۆپێشاندەران روویان لە گۆڕەپاتی تەحریر كرد، لەو كاتەی ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و تاوتوێی چەند پڕۆژە یاسایەكی گرنگ دەكات، لەوانە هەردوو پڕۆژەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و هەڵبژاردنەكان.
پەرلەمان دوور لە خۆپێشاندەران بڕیار دەدات
لەبارەی خۆپێشاندانەكانەوە سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو گردبوونەوەی هۆزەكانی بەغدا لەلایەن پارتەكانی دەسەڵات لە عێراق رێكخراوە وەك رەتكردنەوەی پاڵپشتیكردنی ئەمەریكا بۆ خۆپێشاندانەكانی عێراق، لەوكاتەی ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی هەردوو پڕۆژە یاسای كۆمسیۆن و هەڵبژاردنەكان دانیشتن ساز دەكات كە هەنگاوی پێویستن بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر داوای خۆپێشاندەران.

عەلا روبەیعی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون" ئاماژەی كرد، ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەدات، كە كۆمسیۆنەكە لە حەوت دادوەری سەربەخۆ و دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت پێكدێت لەسەر بنەمای تیروپشك و دوور لە بەشبەشێنەی حزبی، واتە هەموویان سەربەخۆ دەبن و كارەكەش بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام دەدرێت.

لەوكاتە سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە كێشە و ناكۆكییەك لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای كۆمسیۆن هەیە و كورد بەرهەڵستی تێپەڕاندنی بەو شێوەیە دەكەن، كاتێك ئەوان داوای نوێنەرایەتی لە رێگەی دیاریكردنی چەند دادوەرێك لە كوردستان دەكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل