عێراق.. جموجۆڵێك بەئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان هەیە

:: PM:06:20:05/12/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە هەوڵێك لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار و هێزی سیاسییەوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە، سەرۆكی هاوپەیمانیەكیش دووپاتی دەكاتەوە كە 130 واژووی پەرلەمانتاران بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە كۆكراوەتە.
 
ئەسعەد مورشدی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتیمانی رای گەیاند، ئێستە جموجۆڵێك بەئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، ئەوەش راستەوخۆ دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی نوێی حكوومەتی عێراق.
هێزە سیاسییەكان خۆیان لە جەماوەر نزیك دەكەنەوە و توڕەییان هەڵدەمژن
زیاتر گوتی، ئێستە گفتوگۆ لەنێوان پەرلەمانتاران هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە و ئەو پێشنیازەش لەلایەن ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار و هێزە سیاسییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێت.

مورشدی روونی كردەوە، جموجۆڵی تر هەیە بە ئاراستەی گۆڕینی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان لەدوای گۆڕینی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە رەنگە ئەوەش وڵات بخاتە ناو تەنگژەیەكی نوێ، بۆیە دۆخەكە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت.  

محەمەد خالدی سەرۆكی هاوپەیمانی "بەیارق ئەلخەیر" گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كاندیدی سەرۆكی نوێی حكوومەت، دووپاتی كردەوە كە ژمارەی پەرلەمانتارانی واژوویان لەسەر دوورخستنەوەی كاندیدی سەرۆكی نوێی حكوومەت لە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و دیاریكردنی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە كردووە گەیشتووەتە 130 پەرلەمانتار.

زیاتر گوتی، دیاریكردنی هەر كاندیدێك لەسەر بنەمای بەشبەشێنە و سازان لە نێوان هاوپەیمانی و هێزە سیاسییەكانەوە دەبێتە مایەی ورووژانی شەقام و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە هێزە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران كۆ دەبنەوە بۆ زیادكردنی ژمارەی واژووەكان بۆ دوورخستنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ لە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان كە تا ئێستە گەیشتووەتە 130 پەرلەمانتار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل