گرانکردنی بەنزین نرخی خۆراکی لە رۆژهەڵات دوو هێندە بەرز کردووەتەوە

:: PM:03:29:07/12/2019 ‌
لەدوای بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ هێندەی پێشوو لە ئێران و خۆپیساندانی هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، نرخی خۆراک و کەلوپەلەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆ دوو ئەوەندە بەرز بووەتەوە و ئەوەش بارگرانییەکی یەکجار زۆری بۆ ژیانی خەڵک دروست کردووە.
تا دێت و بارگرانی ژیان لەسەر خەڵک زیاتر دەبێت

فەرەیدون عەلی، هاووڵاتییەکی دانیشتوی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەدوای گرانکردنی بەنزین لە لایەن حکوومەتەوە بۆ سێ هێندەی پێشوو، راستەوخۆ نرخی خۆراک و کەلوپەلەکان گران بوو، پێشتر یەک کیلۆ گۆشت بە 60 هەزار تمەن بوو، ئێستا بۆ 120 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی دەستبەجێ نرخی کرێ تاکسی و کرێی پاس گران بووە، پێشتر ئەگەر کرێ تاکسی لە تێرمیناڵی مەریوان بۆ مەیدان سەرباز، پێنج هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا 10 هەزار تمەنە، کرێی کاری ڕۆژانەی کرێکار و وەستا لە 100 هەزار تمەنەوە بۆ 200 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
 
شۆفێرێکی تاکسی بەناوی شۆڕش کاری تاکسی لە نێوان مەرزی باشماخ بۆ مەریوان و زرێبار دەکات و گەشتیاریش بۆ شارەکانی رۆژهەڵات دەگوازێنەوە و وەک بۆ "وشە" باسی دەکات، پێش گرانبوونی بەنزین، کرێی تاکسی لە مەرزی باشماخ بۆ مەریوان و زرێبار 15 هەزار تمەن بوو، ئێستا لە 30 بۆ 35 هەزار تمەن کەمتر ناچین، چونکە سودی نییە و بۆمان دەرناکات.

گوتیشی، پێش گرانکردنی بەنزین، گەشتیار یان هەر سەردانیکەرێکی تر بیویستایە بچێت بۆ شارە کوردییەکانی وەک سنەو سەقز و کرماشان، دوو هێندە بەرزبووەتەوە، پێشتر هاووڵاتییمان لە مەریوانەوە دەبرد بۆ سنە بەیانی تا ئێوارە، گەڕان بەناو سنەو شوێنەکان، ئەگەر ئێوارە گەڕابانەوە بۆ مەریوان 150 هەزار تمەنمان وەردەگرت بەڵام، ئێستا بە 250 هەزار تمەن ئەو کارە دەکەین.
 
سەیوان ڕەحیمی لە مەریوان کاری فرۆشتنی سەوزە و میوە دەکات و وەک بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە، نرخی تەماتە و پیاز و خۆراکەکانی تر گرانبوون، پێش گرانکردنی بەنزین، یەک سندوق تەماتەی 20 کیلۆیی بە 100 تا 120 هەزار تمەن بوو، ئێستا بۆ 200 هەزار تمەن گران بووە، پیاز و بیبەر و سەوزەکانی تریش نرخیان بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە.

لە دوای گرانکردنی بەنزین لە ئێران، بەهۆیەوە گرانبوونی بەشی زۆری خۆراک و کەلوپەل و دەستی کار و کرێی تاکسی و پاسی لێکەوتەوە و گرانبوونی خۆراک لە ئێران دۆخێکی خراپی لە ناوخۆی وڵاتەکە دروست کردووە و هاووڵاتییانیش پێیان وایە، گرانبوونی خۆراک و کەلوپەلەکانی تر پێوەست بوون بە گرانبوونی بەنزین.

مەریوان/ هۆشیار عەلی


وشە - هیدایه‌ت جان