وێنە.. بەردەوامی لابردنی زێدەڕۆكان لە هەولێر

:: PM:02:45:08/12/2019 ‌
بەشێكی زۆری زێدەڕۆكانی سەرشەقام و ناو بازاڕەكان،  لادەبرێت و ئەمڕۆ هەڵمەتێكی تایبەت كرا بەناو بازاڕی تایەفڕۆشانی هەولێر كە سەر شۆستەكە بە تەواوەتی گیرابوو.

هەڵمەتی لابردنی 100 كەپر و قەفەز و كابینە و ژووری دروستكراو لە ساندویچ پەنەڵ بەشێوەی زێدەڕۆیی 
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی شەشی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، هەڵمەتی لابردنی 100 كەپر و قەفەز و كابینە و ژووری دروستكراو لە ساندویچ پەنەڵ بەشێوەی زێدەڕۆیی لەسەر شۆستە و شەقامی سەرەكی تایەفرۆشان لە ناوچەی پیشەسازی باشوور ئەنجام درا.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو هەڵمەتە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی شەش بووە و بووە هۆكاری پاككردنەوەی گۆڕەپانی ئەو شوێنە لە كەلوپەلی زێدەڕۆیی تایەفرۆشان.

باس لەوەش كراوە كە هەڵمەتەكە بەهاوكاری پۆلیسی شارەوانی و بەشی نەهێشتنی زێدەڕۆیی هێزی زێرەڤانی بوو، ئەوەیش دوای ئاگەدار ردنەوەیان و پێدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ لابردنیان و دوابەدوای ڕەزامەندیی هەریەكە لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر و سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر، هەڵمەتەكە ئەنجام درا.

دەست پێكردنی ئەو هەڵمەتە لە كاتێكدایە پێشتر هەفتەنامەی "وشە" لە ڕێی كۆمەڵێك ڕاپۆرت چەندان سەرپێچی ئاشكرا كردبوو كە كراوەتە سەر موڵكی گشتی و بووبووە هۆكاری بێزاركردنی هاووڵاتییان، دوای ئەو ڕاپۆرتانە شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێكی فراوانی دەست پێ‌ كردووە بۆ لابردنی ئەو زێدەڕۆیانە.

























وشە - رامیار جەواد