هێزە سیاسییەكانی شیعەی نزیك لە ئێران سەرقاڵی رێككەوتنن لەنێوان خۆیان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ، ئەوان نایشارنەوە كە چەند كێشەیەكیان هەیە و دووپاتی دەكەنەوە كە لە كۆتای ئەم هەفتەیە كەسێك دیاری دەكەن، بەڵام لەترسی لێخستنی ناتوانن ناوەكەی ئاشكرا بكەن.
ئەمەریكا و خۆپێشاندەران رێگرن لەبەردەم شیعەی نزیك لە ئێران
ئێستە هاوكات لەگەڵ بوونی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بە حكوومەتی كاربەڕێكار، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران كەوتوونەتە كێبەركێ بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەك بۆی، لەلایەن ململانێی یەكتر دەكەن و لەلایەكی تر گوشار دەخەنە سەر شەقام بۆ رازیبوون بە كاندیدی ئەوان دیاری دەكەن و لەلایەكیش ترسیان لە ئەمەریكا هەیە لە سزادان و ئاشكراكردنی دۆسیەی ئەو كەسانەی ئەوان دیاری دەكەن كە گرنگترین تایبەتمەندی نزیكبوونیەتی لە ئێران.
محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت و لە ئێرانەوە نزیكە ئەمڕۆ یەكشەم گوتی، چوار ناو بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ كاندیدن و بڕیاریشە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە رێككەوتن لەسەر یەكێكیان بكرێت و بێتە راگەیاندن.
زیاتر گوتی، ئێستە هێزە سیاسییەكان تاوتوێی ناوی چوار كەسایەتی دەكەن دوای ئەوەی ناوی دەیان كەسایەتی تر دوور خرانەوە كە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق خرابوونە روو، بەڵام ئەو ناوانەی لە كێبەركێدان ناتوانرێت ئێستە ئاشكرا بكرێن بەهۆی نەخوازراوی دۆخی سیاسی و كاتەكە لە عێراق، جیا لە بوونی ئامرازی راگەیاندنی ئەمەریكی و سعوودی بۆ لێخستنی كاندیدەكان بەر لە ئاشكراكردنی ناوەكان.
بەلداوی دووپاتی كردەوە، هەر كاندیدێك پێویستە رەزامەندی مەرجەعیەت و جەماوەری لەسەر بێت و پێشبینی كرد كە دوای سازانی هێزە سیاسییەكان لەسەر كەسایەتییەكی كونجاو، لە كۆتای ئەم هەفتەیە ناوی كاندیدەكە بێتە راگەیاندن.