ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: پارێزگار لە شكستی پڕۆژەكان بەرپرسیارە

:: PM:07:06:08/12/2019 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی لە فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕای دەگەیەنێت كە شكستی پڕۆژەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پارێزگار لێی بەرپرسە و دووپاتی كردەوە كە دووجار داوایان لێی كردووە بێتە كۆبوونەوەی لیژنەكەیان، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.
تا ئێستە پڕۆژەی جێگەی سایلۆ كۆنەكە جێبەجێ نەكراوە
رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەبارەی پرسی سایلۆی كۆنی سلێمانی كە دوو ساڵە ڕووخێنراوە و تا ئێستە لە شوێنەكەی دەست نەكراوە بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەی بڕیار بوو بكرێت، روونی كردەوە، دوو جار داوامان كردووە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەی پلانەكان بكات لە بارەی دواكەوتن و ئەنجام نەدانی ئەو پڕۆژانەی لە شوێنی سایلۆ كۆنەكە، كە كۆمپانیای (هیوا رەئووف)، ئەنجامی دەدات.
  
زیاتر گوتی، پارێزگاری سلێمانی هیچ وەڵامێكی ئێمەی نەداوەتەوە كە داوامان كردووە و نەهاتووەتە ناو كۆبوونەوەكان بۆ پێدانی زانیاری لەسەر ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەكانی تر كە كاریان تێدا نەكراوە، پڕۆژەكە هی پارێزگای سلێمانییە و هیچ لایەنی تر لێی بەرپرس نییە و تەنیا پارێزگا لێی بەرپرسە. 

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دووپاتی كردەوە، ئەگەر ئەو پڕۆژەی سایلۆیە تەواو بكرایە ئێستە پارێزگار یەكەم كەس دەبوو دەچوو شریتە سوورەكەی ئەقرتاند و شانازی پێوە دەكرد و باسی ماندوبوونەكانی دەكرد، بەڵام كاتێك پڕۆژەكان كاریان تێدا ناكرێت، چونكە كەسی یەكەم لە سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكرە، بۆیە شكستی پڕۆژەكان لە ئەستۆی ئەوە، چونكە ئیش نەكردن لە پڕۆژەكان بە پارێزگار و شارەوانی چارەسەر دەكرێت.

"بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ئەنجوومەنی پارێزگا دەتوانێت داوا لە پارێزگار و هەر بەڕێوەبەرێك بكات بۆ كۆبوونەوەكان لە سنورەكەی خۆی لە بارەی ئیشوكارەكان و پێدانی زانیاری و ڕوونكردنەوە لەسەر هەر گرفتێك و كێشەیەك"، نامیق وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل