وەزیری کشتوکاڵ داوای یاسایی تۆمار کرد

:: PM:07:46:08/12/2019 ‌
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر داوای یاسایی لەسەر خاوەنی کۆمپانیایەک تۆمار کرد.

داواکارە دادگا ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە ئەنجامدەرانی ساختەکارییەکە بگیرێتە بەر
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمدا هاتووە، ئەمڕۆ یه‌كشه‌م هه‌شتى كانوونى یه‌كه‌م، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو داواکارییەکەی پێشکەش بەدادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کرد و دادگاکە دواکارییەکەی وەرگرت لە دژی ئەنجامدەرانی کاری ساختەکردنی نووسراوی وزارەتەکە بۆ مەبەستی هاوردەکردنی دووگی بەستوو. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، ئاماژە بەوەش دراوە، لە داواکەدا وەزیری کشتوکاڵ داواکارە دادگا ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بە ئەنجامدەرانی ساختەکارییەکە بگیرێتە بەر. 

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووه‌، "ئەم داوایەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دوای ئەوە هات کە ئاشکرابوو، لەسەر کڵێشەیەکی ساختە و لەیەک نەچوو لە کڵێشەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پڕ هەڵەی تەکنیکی و ئیداری و بە ئیمزای ساختەی وەزیری کشتوکاڵ داوا لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ کراوە مۆڵەت بدەن بە هاوردە کردنی دە هەزار تەن دووگی بەستوو، کە زیاتر لە دە ساڵە بە گوێرەی یاسای کەرەنتینەی کشتوکاڵی هاوردە کردنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان قەدەغەیە".


وشە - محەمەد میران