هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌سه‌ر زیانه‌كانى ده‌ستپێكردنی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا بۆ ناوچه سنوورییه‌كانی سووریا و ڕۆژئاواى كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه.
شانه نوستووه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش چالاك بوونه‌تەوە
كه‌مێك پێش ئێسته، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) لە ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، ئاشكراى كردووه، "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا بۆ ناوچه سنوورییه‌كانی سووریا، شانه نوستووه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش چالاك بوونه‌تەوە، شانه نوستووه‌كانی داعش ته‌قینه‌وه‌یه‌كیان له دێره‌زوور ئه‌نجام دا و به‌هۆیه‌وه چوار هاووڵاتی مه‌ده‌نی كوژران".
ئاماژه‌ی بەوەیش كردووه، "سووپای توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی به چه‌كی قورس هێرشیان كرده سه‌ر گوندی ئوم ئه‌لشفعه و به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی بۆردمان بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك زیانی زۆر به ماڵی هاووڵاتییان گه‌یشتووه".
هه‌سه‌ده دووپاتی كردووه‌ته‌وه، گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر گوندی ئوم ئه‌لكیف له ناوچه‌ی ته‌ل ته‌مری پارێزگای حه‌سه‌كه و له هه‌وڵه‌كانیان بۆ فراوانكردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی به ئامانج ده‌گرن.
نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر پاش ئه‌وه‌ی تره‌مپ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای كشانده‌وه و گڵۆپی سه‌وزی بۆ توركیا هه‌ڵكرد، سوپای توركیا و گرووپه میلیشیا توندڕۆكانی هاوپه‌یمانی، هێرشیان كرده سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، به‌وهۆیه‌وه نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون، سه‌دان له خه‌ڵكی مه‌ده‌نیش شه‌هید و برینداربوون، تا ئێسته ناوچه‌كه ئارامی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره ڕێككه‌وتن و فه‌رمانی كۆتایهێنانیان به ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی توركیا به ئه‌ردۆغان دا.