ئاگر لە نزیک بیرە نەوتێکی تەقتەق کەوتەوە

:: PM:01:10:17/10/2016 ‌

ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئۆكتۆبەر/تشرینی دووەم، سەعات نزیک 8:45ی بەیانی،  لە نزیك بیری ژمارە 8ی کێڵگەی نەوتی تەقتەق  لە سنووری كۆیە، ئاگرێكی گەورە كەوتەوە و بووە هۆی سووتاندنی دوو دۆنم پووش و پاوانی ناوچەكە.

دوای كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ تیمه‌كانی بەرگری شارستانی گه‌یشتنه‌ شوێنی ئاگره‌كه‌ و  توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و رێگە نەدەن بیرە نەوتەكەش گڕ بگرێت.

لەو بارەوە هێمن سەمەد رێپێدراوی یەک لە بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی کۆیە بە "وشە"ی ڕاگه‌یاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانییان لە ماوەی کەمتر لە 15 دەقە، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و نەهێڵن مەترسیی بکەوێتە سەر بیرە نەوتەکە.

هه‌روه‌ها گوتی، ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، تەنیا زیانی ئەوەی هەبووە کە بووەتە هۆی سووتاندنی ئەو رووبەرە پووش و پاوانە.

کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە گوندەکانی رۆژئاوای کۆیە هەڵکەوتووە، یەکێک لە کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکەمین گرێبەستی نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە لەگەڵ کۆمپانیای جەنەڵ ئینێرجی تورکی ئیمزا کراوە و پاش پێکهێنانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جارێکی تر گرێبەستەکە بۆ گونجاندنەوەی لەگەڵ ناوەڕۆکی یاسای نەوت و گازی کوردستان/ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ هەموار کراوەتەوە.

نەوتی کێڵگەی تەقتەق بە رێگەی لولەی گواستنەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرێت و بەشێکیشی بە رێگەی تانکەر بۆ پاڵاوتگەی بازیان دەگوازرێتەوە، بەمەبەستی دابین کردنی بەرهەمەکانی نەوتی لە ناوخۆی کوردستاندا.

کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو، لە سەردەستی کۆمپانیای نەوتی عێراقی یەکەمین بیرەکانی نەوتی تێدا هەڵکەندراوە و تا راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ سێ بیری تێدا هەڵکەندرا، بەڵام حکوومەتی عێراقی نەیتوانی نەوتەکەی دەربێنێت و دواتر لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یەکەمجار بە توانای خۆماڵی نەوتی تێدا بەرهەم هێنرا.

تایبەت
















وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی