"وشە" دوا زانیاری لەسەر بودجەی 2020ـی عێراق بڵاو دەكاتەوە

:: PM:03:07:09/12/2019 ‌
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رێككەوتنیان لەسەر پشكی كوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2020 كردووە، بەڵام عادل عەبدولمەهدی ئامادە نییە بودجەكە رەوانەی پەرلەمان بكات. پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دەڵێ، ئەگەری زۆرە بودجە رەوانەی پەرلەمان نەكرێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشانی فەرمانبەرانی عێراق دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی كانوونی یەكەم، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، هیچ ئاسۆیەك نییە بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكرێت تا حكوومەتی نوێ پێك نەهێنرێت.

جەمال كۆچەر روونی كردەوە، لە دانیشتنێكی نا ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی کاربەڕێکەر رای گەیاندووە كە ئامادە نییە بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكات بەوەی حكوومەت، حكوومەتی كاربەڕێكەرە.

ئەگەر بودجەش پەسند نەكرێت ئەوا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراقی دەدرێت


زیاتر گوتی "عادل عەبدولمەهدی نایەوێت لەوە زیاتر لەسەری بكەوێت و بودجە رەوانە بكات، بە پێچەوانەوە رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە و دەیەوێت ئەو كەسەی لە داهاتوودا دەبێتە سەرۆك وەزیران بیخاتە بەردەم گرفتێكی گەورە".

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی ئەوەیشی خستەڕوو، ئەگەر بودجە رەوانەی پەرلەمان نەكرێت ئەوا لەسەر بنەمای بودجەی 2019، خەرجییە جێگیرەكانی وەك مووچە و خەرجی تر، بە یەك لەسەر 12، واتە شێوەی مانگانە خەرج دەكرێت، گوتی "لەمەشدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە مسۆگەری دێت تا ئەو كاتەی سەرۆك وەزیرانی نوێ دەستبەكار دەبێت، ئەوكات بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پشكی كوردستان لە بودجەی 2020 خەرج دەكرێت، واتە سەرۆك وەزیرانی نوێ دەتوانێ پابەندی رێككەوتنەكە بێت و دەتوانێت رێككەوتنی نوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات".

جێی بیرخستنەوەیە دوو رۆژ پێش رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرانبەر بە 11 تریلیۆن دینار وەك پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2020، لەنێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق واژوو كرا، بەڵام بەهۆی دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران، بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.



وشە - فه‌رمان سادق