خواردنی چەور دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش

:: PM:06:27:09/12/2019 ‌

ڕیجیمێک بەخواردنی بڕێکی زۆری چەوریی ئاژەڵی، دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش. "ڕیجیمی کیتۆ" ئێستە بە باوترین جۆری ڕێجیم دادەنرێت لە دنیادا کە زۆربەی ئەوانەی کێشیان زۆرە ئەو سیستمە خۆراکییە پێڕەو دەکەن.

بە کورتی کیتۆ دایت بریتیە لە خواردنی بڕێکی زۆر چەوری و لە بەرانبەردا نەخواردنی هەموو جۆرە شیرینییەک و ئارد و برنج. واتە تەنیا گۆشت و چەوریی ئاژەڵی و سەوزە دەخۆیت.

ئەوانەی ماوەیەکی زۆر قەڵەویی هێزی لێ بڕیبوون و دەستیان بەو جۆرە ڕێجیمە کردووە، لەڕێگەی "وشە"ـەوە باسی  ئەزموونی خۆیان لەگەڵ ئەو جۆرە ڕیجیمە تازەیەدا دەکەن و بە باشترین جۆری سیستەمی خواردنی دادەنێن بۆ دابەزاندنی کێش.

بەیار علی، تەمەنی ٣٦ ساڵە، باسی چیرۆکی کێشدابەزاندنی خۆی دەکات و دەڵێت ئەو چەند ساڵەی بە قەڵەوی تێپەڕاندووە، جگە لەوەی بەهۆی زۆریی کێشییەوە زۆر نا ئاسوودە بووە  و نەیتوانیوە کارەکانیشی بەباشی بکات، قەڵەوییەکەی کاریگەریی لەسەر تەندروستیشی هەبووە.

لەدوای وازهێنان لە یاریی تۆپی پێ بۆ ماوەی شەش ساڵ بە بەردەوامی کێشم زیادی دەکرد، تاوەکو گەیشتمە ١٢٣ کیلۆ، چەند جار لەو ماوەیدا پارێزیم دەکرد و دواتر دەستم دەکردەوە بە خواردن، تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، هەموو پزیشکەکان دەیانگوت بەهۆی قەڵەویەکەتەوەیە، بڕیارم دا نەشتەرگەریی بۆ گەدەم بکەم و بچووکی بکەمەوە، بەڵام دواتر پەشیمان بوومەوە و دەستم کرد بە پارێزکردن و بە شێوازی "کیتۆ" ماوەی شەش مانگ بەردەوام بووم ، سەرەتای مانگی یەکەم هەستم بە جیاوازیەکی ئەوتۆ نەکرد، بەڵام دواتر وردە وردە کێشم دابەزی و لە کۆی هەموو کۆرسەکەدا توانیم بگەمە ٨٥ کیلۆ، ئاسانترین جۆری ڕیجیم بوو، زۆرترین سوودیشم لێی بینی، ئێستا وازم لە "کیتۆ" هێناوە ، بەڵام وەکو جارانیش هەموو شتێک ناخۆم و ئاگاداری کێشمم.

یەکێک لەو ئافرەتانەی کە  ئێستە ڕێجیمی کیتۆ دەکات دەڵێت بە ئاسانی توانیویەتی لەگەڵ سیستمەکەدا بڕوات" شەهلا نەوزاد " ئافرەتێکی تەمەن ٤٦ ساڵە، ٣٠ کیلۆ لە کێشی زیادە، دەیەوێت لە ڕێگای ئەو ڕێجیمەوە ئەو کێشە زیادەیەیی نەهێلێت.

شەهلا دەڵێت، ماوەی سێ مانگە دەستم کردووە بە "ڕێجیمی کیتۆ" دوای ئەو ماوەیە کە بەردەوامم لە "کیتۆ کلاسیک" توانیومە ١٥ کیلۆ لە کێشم کەم کەمەوە، بەڵام  بە شیوازێکی زۆر ڕێکو پێک لەسەر سیستەمەکە دەڕۆم کە پزیشک بۆ داناوم، دەمەوێت ١٥ کیلۆی تریش کەم بکەمەوە دڵنیاشم دەتوانم، سەرەتا قورسە تاوەکو دەبێت بە چەند هەفتەیەک، بەڵام دواتر زۆر ئاسان دەبێت، بەتایبەت کاتێک ئەنجامەکەی دەبینیت ناتوانیت دەست لە ڕیجیمەکەت هەڵگری.

ڕێجیمی کیتۆ، بۆ هەمووان وەک یەک سوودی نابێت

ڕێجیمی کیتۆ، بۆ هەمووان وەک یەک سوودی نابێت، هەندێک جار ئەو کەسەی کیتۆ دەکات هەندێک کێشەی بۆ دروست دەبێت.

سروە مەحموود، یەکێکە لەوانەی بەهۆی "رێجیمی کیتۆ"وە تووشی گرفت بووە، ئەو  دەڵێت، ماوەی دوو هەفتە ڕیجیمەکەم کرد دواتر نەم توانی، چونکە توشی هەستیاری پێست بوو، سەرەتا هەستم بە خورانی جەستەم دەکرد بەتایبەتی سکو لامل و پشتم، دواتر وردە وردە هەموو ئەو شوێنانەم سوور بوویەوە و وەکو زیبکەی سوور هەموو جەستمەی گرتم، کاتیک سەردانی پزیشکم کرد پێی گوتم بەهۆی ئەو ڕیجیمەوەیە ، چونکە من ڕێژەی چەوری لە ناو جەستەم زۆر بوو خواردنی ئەو بڕە زۆرەش کێشەی بۆ دروستکردم، هەربۆیە دەستم لە ڕێجیمەکە هەلگرت.

پزیشکان باشیی ئەم جۆرە ڕیجیمە پشت ڕاست دەکەنەوە، دەڵێن بە پێێ دوایین توێژینەوە پزیشکییەکان کە لەدنیادا لەسەر کۆمەڵە کەسێکی زۆربۆ ماوەی دوو سال تاقیکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە باشتر ئەنجامی هەیە و بە دەگمەن نەبێت هیچ زیانێکی تەندروستیی لێ ناکەوێتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسەی ڕیجیمەکە دەکات چەند مانگ جارێک پشکنین ئەنجام بدات.

د.شێرزاد علی، پزیشکی پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ و ڕاوێژکردنی خۆراک و چارەسەرکردنی قەڵەوی و لاوازی ، سەبارەت بە ڕێجیمی "کیتۆ" گوتی ڕێجیمێکی زۆر باشە و سودی زۆری لیدەبینرێت بۆ دابەزاندنی کێش بەبێ لێکەوتەی خراپ، بەڵام بەو مەرجەی دەبێت ئەو کەسەی ڕیجیمەکە دەکات لەماوەی ڕیجیمەکە بەهیچ شێوەیەک لە سیستەمی خۆراکی دیاریکراو لانەدات، هەروەها ئەوانەی بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ ئەو ڕیجیمە دەکەن دەبێت لەدوای شەش مانگ پشکنینی گشتی ئەنجام بدەن، هەروەها پشکنینی چەوری و کلیەش، بۆ ئەوەی ئاگاداری باری تەندروستی خۆیان بن.

ئەو پزیشکە دووپاتی لەوەیش کردەوە کە ئێستە لە دنیادا "کیتۆ" بەیەکێک لە جۆری ڕیجیمە باشەکان دادەنرێت بۆ دابەزاندنی کێش  بە پێی پشت بەستن بەو توێژینەوانەی لەبارەوەیەوە ئەنجامدەدرێت، باسی لەوەش کرد واباشترە ئەو کەسەی ڕیجیم دەست پێ دەکات لەژێر چاودێری پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک بێت بۆئەوەی سیستەمێکی تۆکمە پەیڕەوبکات و بەبێ هیچ زیانێکی تەندروستی کێشی داببەزێت.

ئەو خواردنانەی کە لە ڕیجیمی کیتۆ دەخورێن "گۆشتی ئاژەڵ بە دونگەوە، گۆشتی مریشک بەس سینگ نابێت بخورێت، بەروبوومی گیان لەبەری، سەوزەوات ، قاوە، فستەق و گازۆ و بادەم" هەریەک لەم خواردنانە بەپێی ژەمەکان دابەش دەکرێن جگە لە قاوە و چەرەزات کە لە بەینی ژەمەکاندا دەخورێن بەپێی برسیبوون، خواردنەوەی بڕیکی زۆری ئاویش لەڕۆژدا.


وشە - ئيڤان عەبدولڕەحمان