وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بوونی حاڵه‌تی قوماركردن ڕای گه‌یاند، له هه‌ولێر و دهۆك رێكاری یاسایی گیراونه‌ته به‌ر و قومار دیارده‌یه‌كی نامۆیه به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و كار ده‌كه‌ین بۆ كۆنترۆڵكردن و بنبڕكردنی.
له هه‌ولێر و دهۆك رێكاری یاسایی گیراونه‌ته به‌ر
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م نۆی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دهۆك، له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند، قوماركردن له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی دیارده‌یه‌كی نه‌شازه و پێویستی به‌وه‌یه رێك بخرێت، چ بابه‌تێك قوماره و چی قومار نییه و مۆڵه‌ت بدرێته كامیان و كامه‌یان دابخرێت.
ڕوونیشی كرده‌وه كه له هه‌ولێر و دهۆك رێكاری یاسایی گیراونه‌ته به‌ر و دیارده‌یه‌كی نامۆیه به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و كار ده‌كه‌ین بۆ كۆنترۆڵكردن و بنبڕكردنی.
وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا گوتی، كار ده‌كه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی پاسپۆرت له ئاكرێ و به دوای بینایه‌كی باش‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ نووسینگه‌كه. هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر رژده له‌سه‌ر سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی چاكسازی و ئه‌و پڕۆژه‌یه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.