به‌ چوار هۆكار ناچاری به‌یانیان ماست بخۆی

:: PM:09:28:09/12/2019 ‌

زۆر جار ئەو خواردنانەی دەیخۆین، بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین، زیانێكی زۆر بە تەندروستیمان دەگەیەنێ، لە بەرامبەریشدا هەندێ جۆری خواردن هەیە كە هەمیشە سوود بە تەندروستیمان دەگەیەنن، بەبێ ئەوەی ئاگەداری بین، خواردنی ماست لە بەیانان، لەو خواردنانەیە كە نایەڵێ تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بین.

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە دەكرێت بە چەندان رێگە خۆمانی لێ بپارێزین یان كۆنترۆڵی بكەین. 

پۆتاسیۆم و زۆربەی جۆرەکانی ڤیتامین لە ماستدا هەیە

یەكێك لە رێگە كاریگەرەكانی خۆپاراستن بریتییە لە خۆراكی هاوسەنگ و كەمكردنەوەی خوێ و چەورییە خراپەكان، هەروەها خواردنی ماست كە دەوڵەمەندە بە مادەی گرنگ، بۆ نموونە پۆتاسیۆم كە بە رێژەی 500 ملم لە هەر كووپێكی ماستدایە، رۆڵی بەرچاوی هەیە لە دابەزاندن و كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، هەروەها مەگنسیۆم كە هەمان رۆڵی هەیە. 

ماست بە پێكهاتە گرنگەكانی ترییەوە وەك: پرۆتین، كالسیۆم، كۆمەڵەی ڤیتامین B و ڤیتامین A و D و چەندان خوێی كانزایی، ئەم سوودانەی تریشی هەیە:

- رۆڵی هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش و هاندانی سووڕی خوێن.

- یارمەتیدانی كۆئەندامی هەرس لە رێگەی چالاككردنەوەی بەكتریا سوودبەخشەكانی ریخۆڵە.

- رێكخستن و خاوبوونەوەی كۆڵۆن كە ئەمەش سوودی زۆری هەیە بۆ تووشبووان بە گرژبوونی كۆڵۆن و بەدهەرسی.

- زیادكردنی توانای خوێندن و زیرەكی بەتایبەتی لە قوتابییاندا.



وشە - كوردۆ شابان