ئەمڕۆ پرسی كارەبا و نەوت لە پەرلەمان باس دەكرێت

:: AM:08:23:10/12/2019 ‌
بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كارەبا و دابەشكردنی نەوت بكرێت بەسەر هاووڵاتییاندا.

پرسی كارەبای نیشتمانی و دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان تاوتوێ دەكرێت 
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی كانوونی یەكەم، بەپێی بانگێشتنامەی دانیشتنی ژمارە نۆی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕوونكراوەتەوە، دوو پڕۆژە یاسا و پرسی كارەبای نیشتمانی و دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان تاوتوێ دەكرێت.

ڕۆژی یەكشەم سەرۆكایەتی پەرلەمان رای گەیاندبوو، لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە ‌یاسای ( رێكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان- عێراق )  خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازە بڕیاری (رۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان) دەكرێت.

دوێنێ سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكدا ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی ئاگەدار كردەوە،  كە خاڵێكی دیكەی بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەم 2019/12/10 زیاد كردووە، كە ئەویش بریتییە لە قسەكردن و تاوتوێكردنی پرسی كێشەی كارەبای نیشتمانی و دابەشكردنی سووتەمەنی لەم وەرزی سەرمایەدا بەسەر هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد