مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ڕۆژ به ڕۆژ له زیادبووندایه. به‌رپرسانی پێشمه‌رگه و سه‌ربازی رای ده‌گه‌یه‌نن كه بارودۆخی ئه‌و ناوچانه له‌بارن بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی داعش. به‌ڵام دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه "گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه و ڕێگری له به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش، گرنگه".
هێرشی داعش بۆ سه‌ر گوندی كوڵه‌جۆ و چالاكییه‌كانیان له مه‌خموور و چیای قه‌ره‌چووغ و خانه‌قین و داقووق و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر، ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه كه داعش نه‌ك هه‌ر به ته‌واوی بنبڕ نه‌كراوه، به‌ڵكو هێشتا ئه‌وه‌نده هێزی ماوه چالاكی بكات و مه‌ترسی بڵاو بكاته‌وه، بۆیه داوای پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ته‌ناهییانه ده‌كرێت كه له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دروست بوون، ئه‌وه‌ش به گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه پڕ ده‌كرێنه‌وه.
دلێر شكور فه‌رمانده‌ی لیوای 3ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر له 30 كه‌س له سنووری خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری كوژراون و بریندار بوون، به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش. ئه‌و ژماره‌یه‌ش به‌گوته‌ی فه‌رمانده‌كه "جێی مه‌ترسییه و ده‌ریده‌خات داعش توانای ماوه چالاكیی ئه‌نجام بدات و پێویسته به ته‌واوی له ناو ببرێن".
دلێر شكور زیاتر گوتی، "گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كوردییه‌كانی سنووری ماده‌ی ١٤٠ زۆر پێویسته، چونكه بوونی پێشمه‌رگه دڵنیایی ده‌دات كه داعش ناتوانێ ئه‌و ورده چالاكییانه ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئێسته سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆشایی ته‌ناهییان زۆر به‌جێ هێشتووه و داعش‌یش سوود له‌و بۆشاییانه وه‌رده‌گرێ."
شوێنی جموجووڵی چه‌كدارانی داعش و حه‌وانه‌وه و خۆڕێكخستنه‌وه‌یان لای هێزه ته‌ناهییه‌كانی عێراق و دانیشتووانی ناوچه‌كه ئاشكرایه، به‌ڵام تا ئێسته نه‌توانراوه ئه‌و شوێنانه له چه‌كدارانی داعش پاك بكرێنه‌وه.
محه‌مه‌د حاجی عومه‌ر به‌رپرسی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه جموجووڵی داعش له قه‌ره‌ته‌په و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری زیادی كردووه و هێرشی ناوبه‌ناویشیان هه‌یه.
حاجی بۆ "وشه" گوتی، "جموجووڵه‌كان له‌وه ئاشكراترن كه هه‌ستیان پێ نه‌كرێت، ئێسته به‌شێكی زۆری ده‌شتی ئه‌و ناوچه‌یه و چه‌ند گوندێكیشیان به ده‌سته‌وه‌یه و ناتوانی هاتوچۆیان بۆ بكه‌یت."
مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌تایبه‌ت له دوای خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه زیادی كرد، چونكه بووه هۆی پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و شوێنگرتنه‌وه‌یان به سوپا و میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی.
هیوا ڕه‌شید به‌رپرسی ناوچه‌ی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه به‌هه‌مانشێوه‌ی شوێنه‌كانی تر له داقووق داعش جموجووڵی ده‌ست پێ كردووه‌ته‌وه و مه‌ترسیی دروست كردووه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی بۆ "وشه" دڵنیایی دا، داعش به‌رده‌وام مه‌ترسییه‌كی ئاماده‌یه له‌و ناوچانه. هاوكات هۆشداری ده‌دات "له ئه‌گه‌ری زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخی عێراق، ئه‌و ناوچانه بكه‌ونه‌وه به‌ر هێرش و په‌لاماری گه‌وره‌ی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه".
كه‌ركووك و مه‌خموور وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كانی تر مه‌ترسیی داعشیان له‌سه‌ره، به جۆرێك ئاماژه به‌وه ده‌كرێت بۆ هێرشی داعش له ئه‌گه‌ری قۆستنه‌وه‌ی بارودۆخی عێراق كه‌ركووك ده‌بێته تیكه‌یه‌كی ئاسان بۆ ئه‌و ڕێكخراوه.
ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له مه‌خموور بۆ "وشه"ـی ئاشكرا كرد، ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له چیای قه‌ره‌چووغ تا دێت زیاتر ده‌كات. وه‌ك ده‌ڵێت "له‌وێ سه‌رقاڵی مه‌شق و ڕاهێنانن".
ناوه‌ڕاستی مانگی پێشوو، پۆڵ لاكامارا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له شه‌ڕی دژ به تیرۆر، ڕای گه‌یاند كه داعش ڕیزه‌كانی خۆی له عێراق ڕێك ده‌خاته‌وه و له‌مباره‌یه‌شه‌وه ده‌ستی به چه‌ند چالاكییه‌كی تیرۆریستی له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراقدا كردووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، "هێشتا شانه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش مه‌ترسییه‌كی به‌رده‌وامن بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق".
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا ئاماده‌یی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه ده‌ربڕیوه كه پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر لێی جێگیر بوو، به‌ڵام تا ئێسته رێككه‌وتن نه‌كراوه.
له كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام مه‌ترسیی مانه‌وه‌ی داعش و خۆڕێكخستنه‌وه‌یان به هاوپه‌یمانان و به‌رپرسانی ته‌ناهیی عێراق داوه
قاره‌مان كه‌مال جێگری سه‌رۆك ئه‌ركان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه
به"وشه"ـی گوت، "ئێمه له كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام مه‌ترسیی مانه‌وه‌ی داعش و خۆڕێكخستنه‌وه‌یان به هاوپه‌یمانان و به‌رپرسانی ته‌ناهیی عێراق داوه، داوامان كردووه زووتر به‌ربه‌سته‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان لا ببرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تێگه‌یشتنێكی باش له‌وباره‌یه‌وه دروست نه‌بووه."
وشه/به‌دواداچوونی هه‌ستی كه‌مال