له سنووری هه‌ردوو شاره‌دێی چه‌مانكێ و كانی ماسیی سه‌ر به شارۆكه‌ی ئامێدی كه دوو ناوچه‌ی شاخاوین، به‌فر ده‌بارێت، تیمه‌كانی ڕاماڵین له ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست نه‌بێت به‌تایبه‌تی له خاڵی گومرگی سه‌رزێڕ.
حەوت تیم بۆ راماڵین و پاک کردنەوەی رێوبانەکان جێگیر کراون
رێبه‌ر به‌رواری هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی كانی ماسی به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌یانی ئه‌مڕۆ له ناوچه سنووری و شاخاوییه‌كانی چه‌ند گوندێكی سنووری شاره‌دێی كانی ماسی، به‌فربارین ده‌ستی پێ كرد و تا ئێسته به‌رده‌وامه.
زیاتر روونی كرده‌وه، له هه‌ندێك ناوچه به‌تایبه‌تی خاڵی گومرگی سه‌رزێڕ به‌فرێكی زۆر باریوه، به‌ڵام رێیه‌كان كراوه‌ن و دانه‌خراون، ئێسته كه‌شێكی زۆر سارد ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
جه‌لال عومه‌ر دانیشتووی شاره‌دێی چه‌مانكێ بۆ "وشه" ده‌ڵێ، له شه‌وی رابردوو تا ئێسته له ناوچه شاخاوی و نزماییه‌كانی هه‌ندێ گوندی چه‌مانكێ به‌فربارین به‌رده‌وامه.
ده‌ڵێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌فره‌كه زۆره و به‌رده‌وامه، كێشه بۆ هاووڵاتییان دروست ده‌بێت، بۆیه پێویسته شۆفێران ئاگاداری خۆیان بن، چونكه له هه‌ندێ ناوچه به‌هۆی بوونی ته‌مومژ، مه‌ودوای بینین زۆر كه‌مه و كهشهكهیش سارده.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاككردن و پاراستنی رێگه‌وبانی دهۆك، حه‌وت تیمی له هه‌ریه‌كه له ناوچه‌كانی دێره‌لووك، سوارهتیكا، سهرسهنك، بامه‌ڕنێ، ئامێدی، زاخۆ و چیای پیرس جێگیر كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی به‌فربارین و داڕمانی چیا، به خێرا رێیه‌كان پاك بكه‌نه‌وه و كێشه و گرفتی هاتوچۆ بۆ شوفێر و هاووڵاتییان دروست نه‌بێت.
ئامێدی/ نه‌وزاد هلۆری