لەسەر کەیسی شاسوار فەرمانی گرتن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی ئێن ئاڕتی دەرچووە

:: AM:11:59:10/12/2019 ‌
کەیسی شاسوار عەبدولواحید تا ئێستا دانەخراوە و دادگای سلێمانی دەڵێ، بەردەوام لە لێکۆڵینەوەداین بۆ ئەوانەی لەسەر کەیسەکە گیرابوون و گوتەبێژی دادگا ئاشکرای دەکات، تا ئێیستاش کەسێک ماوە لەسەر ئەو کەیسە بگیرێت.
ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە و خۆی رادەستی یاسا ناکات

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی نەوەی نوێ لەسەر کەیسی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی پەرلەمانتارانی ئەو جووڵانەوەیە گیران، دوای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانیان شاسوار عەبدولواحید گیرا، ئەوانەی دەستگیرکرابوون لەبەردەم دادگا دانیان بە تاوانەکەیان ناوە کە شاسوار ئەو کارەی پێکردوون.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی کانونی یەکەم، عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوانەی لەسەر کەیسی شادی نەوزاد ژنە پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ گیرابوون، سەرجەمیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و دواتر بە دانانی کەفالەت ئازاد کراون.


زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەگەرچی نزیکەی 10 کەس لەسەر ئەو کەیسە گیران، بەڵام تا ئێستا کەسێک ماوە لەسەر دۆسیەکە بگیرێت، ئەوانەشی ئازادکراون دادگایی کردنیان ماوەو لە دوای لێکۆڵینەوەکان دادگایی دەکرێن.

بەپێی زانیاریەکانی "وشە" ئەو کەسەی کە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و تا ئێستا نەگیراوە ناوی ئاوات عەلییە کە بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی ئێن ئاڕتییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵاتە تا ئێستا نەگیراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - هیدایه‌ت جان