عێراق.. خۆپێشاندەران لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران هەڕەشە لە سەرۆك كۆمار دەكەن

:: PM:05:25:10/12/2019 ‌

ماوەی دیاریكراو بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك حكوومەتی كاتی عێراق لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە خەریكە كۆتایی دێت و تا ئێستە هێزە سیاسییەكان نەیانتوانیوە كەسێك بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاری بكەن، خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەیاننامەیەكدا داوا لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن كە كاندیدی پارتە سیاسییەكان قبووڵ نەكات، ئەگینا دەستیان پێی دەگات.
خۆپێشاندەران: دەبێت سەرۆك وەزیرانی كاتی كەسایەتییەكی ئەكادیمی و بەتوانست بێت
وەك لە بەیاننامەیەكی مانگرتووانی گۆڕەپانی تەحریردا هاتووە، دوای ئەوەی گەلی عێراق بەخوێنی رۆڵەكانی یەكەم هەنگاوی بۆ گۆڕانكاری بەدەستهێنا و سەرۆكی حكوومەتی ناچاری دەستلەكاركێشانەوە كرد، بۆیە وەك تەواوكردنی كاروانی ئازادی داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەین بەرپرسیارتییەكە بگرێتە ئەستۆ و پابەندی ئەو سوێندە بێت كە خواردوویەتی.

زیاتر هاتووە، لەوكاتەی تەنیا پێنج رۆژ ماوە وەك وادەی دەستووری بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، داوات لێ دەكەین قبووڵ هەر كەسایەتییەك نەكەی كە چینی گەندەڵ بۆ پۆستەكە پێشكەشی بكات و مەرجەكانی خۆپێشاندەرانی بەسەر جێبەجێ نەبێت و رەتكراوە بێت، بۆیە وریات دەكەینەوە بەوەی دەنگی خۆپێشاندەران بەرزتر دەبێتەوە و دەگاتە ناو ماڵەكەت و كۆشكی كۆماریش ئەوەندە دوور نییە.

هەروەها خۆپێشاندەران داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەن كە كۆنگرە یان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆك زانكۆكانی عێراق ساز بكات و داوایان لێ بكات كەسایەتی نیشتیمانی و بەتوانا لە بوارەكانی سیاسەت و یاسا و بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی ئابووری كاندید بكەن، بۆ ئەوەی لە نێوان ئەوان سەركردەی وڵات بۆ قۆناغی كاتی دیاری بكرێت تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل