ژنان دەكەونە داوی پەیجە بازرگانییەكان و گێچەڵی سێكسیان پێ دەكرێ‌

:: PM:06:11:10/12/2019 ‌
لە هەژماری تایبەتيی خۆیەوە، پێوەندیی بە یەکێک لەو پەیجانەوە دەکات کە بەشیوەی ئۆنلاین جلوبەرگ دەفرۆشن، لەدوای چەند جارێک داواکردنی جلوبەرگ و گەیاندنە دەستی وەک هەر کەسێکی تر کە داوای شتومەک دەکات، خاوەنی پەیجەکە بەچەند وێنەیەکی ناو ئەکاوەنتی تایبەتی کچەکە، هەڕەشەی لێ دەکات، ئەگەر پارەی نەداتێ وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە.

 ئەوە یەکێکە لەو سەتان دۆسیانەی کە ڕۆژانە دەچنە دادگا و زۆر جار تۆمەتبارەکە سزای خۆی وەردەگرێت و هەندیک جاریش دۆسیەکان دادەخرێن، پۆلیس دەڵێت 90% ئەو سکاڵایانەی تۆمار کراون، تۆمەتبارانیان گرتووە و بە سزای خۆیان گەیەنراون.

لەدوای تۆمارکردنی سکاڵا لە سەر خاوەنی پەیجەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان/ هەولێر، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا دەکرێت و دادوەر فەرمانی گرتنی خاوەن پەیجەکە دەردەکات و خاوەنی پیجەکە لە بەندینخانەیە.

ئەو تاوانە دەبێت بخترێنە ناو قاڵبی تیرۆرەوە
نەقیبی مافپەروەر، ڕیباز زیوەر مستەفا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندویتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان /هەولێر، باسی ئەو ڕێوشوێنانە دەکات کە دەگیرێنە بەر لەکاتی هەڕەشەکردن لە کەسێک لە ڕێگای ئامێرەکانی پێوەیدنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

ئەوەی لە لایەن بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکرێت لە هەموو شارەکان، هەر کاتێک کەسێک سکاڵا تۆمار دەکات لە ڕیگای نووسینگەکانیانەوە، پەراوی لیکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە و بە وردیی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی دەکرێت و لەڕیگەی چەند شارەزایەکی ئەلیکترۆنی کە لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەکاندا هەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی پێوەندی هەماهەنگیی دەکرێت بۆ دۆزینەوەی کەسە نادیارکە.
 لەکاتێكدا ئەو ڕێوشوێنانە دەگیرێنەبەر، ئەو کەسەی تۆمەتبارە، نادیار بێت و ئەکاوەنتەکەی ساختە بێت، تا دەدۆزرێتەوە و  دەستگیر دەکرێت و سزا دەدرێت، بەڵام ئەگەر تۆمەتبارەکە ناسراو بێت، ڕاستەوخۆ لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگا دەستگیر دەکرێت و بەسزای خۆی دەگات، هەندێک جار جگە لەسزای گرتن، خاوەن سکاڵا داوای قەڕەبووی مادییش دەکاتەوە.

 ڕێباز زێوەر گوتیشی، زۆربەی جار ژنان  کە ڕووبەڕووی ئەو کێشانە دەبنەوە ، تەنیا لەرێگای ئەو پێوەندییە خۆشەویستی و هاورێیەتیانەوە نابێت کە لەگەڵ کوڕێک هەیانە، بەڵکو هەندیک جار لە رێگەی بەشێک لەو ئەکاوەنتانەوە دەبێت کە بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ و ماکیاژ و پێداویستیی ژنانن ، کاتێک ژنان وێنەیان بۆ دەنێرێت بەبیانوی زانینی قیاسیان، دواتر دەبێتە هۆی هەڕەشەکردن کە داوای وەرگرتنی پارە یاخود سێکسیان لێ دەکرێت.

هەڕەشەکردن لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامێرەکانی پێوەندی، لە یاسای سزادانی عێراقی یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٠٨ هەموو ئەو تاوانانەی ڕیک خستووە کە لە چوار چێوە ئەو یاسایە کە پێی دەڵێن "یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێوەندی"، کەسێک کە لە ڕێگەی تەلەفۆن یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرەشە بکات، سزا دەدرێت، لە یاساکەدا کات و چۆنییەتی و شیوازی هەڕەشەکە دیاری کراوە، ئەو یاسایە ئێستە لە دادگاکانی کوردستان کاری پێ دەکرێت، لە توندترین حاڵەتدا کەسی تۆمەتبار سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپینرێت.

ئەو سزایەی کە لەبەرانبەر ئابڕووبردنی ژنان لە قورسترین حاڵەتدا بە گرتنی پێنج ساڵ سزای تۆمەتبار دەدات، سوکنایی بە دڵی خاوەن دۆسیەکەدا ناکات، یاساناسانیش تێبینیان لەسەر یاساکە هەیە و پێیان وایە دەبێت لە دادگاکانی کوردستاندا وەک دۆسیەی تیرۆری کەسی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیانەدا بکرێت، نەک لە چوارچێوەی یاسایەکی وەهادا ئەو سزا کەمەی هەبێت.

ئاسۆ هاشم پارێزەر، وەکو پارێزەرێک ڕەخنە لە  "یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێوەندی" دەگرێت و دەڵێت ئەو جۆرە تاوانانە سزای گەورەتریان پێویستە، هەندێک لە تاوانەکان کە لەڕیگای ئەلکترۆنیەوە ئەنجام دەدرێن، دەچنە قاڵبی تیرۆرەوە، کاتێک کەسێک وێنە و  ڤیدیۆی رووتی کچێک بڵاو دەکاتەوە، پێشتر لەژێر ناوی خۆشەویستی وەری گرتووە، دواتر کەسایەتی و ژیانی کەسەکەی پێ لەناو دەبات، ئەو تاوانە دەبێت بخترێنە ناو قاڵبی تیرۆرەوە، چونەکە ئەوە تیرۆرکردنی کەسییە، بۆیە پێویستە لە دادگاکانی کوردستان  بیخرێتە چوارچێوەی یاسای تیرۆرەوە، نەوەک بە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێری پێوەندی سزای تۆمەتبار بدرێت.

زۆربەی ئەو ئەکاونتانەی وەهیمین، لەلایەن هاووڵاتییانەوە دوای هەڕەشەلێکردن سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت، بەڵام هەندیکیان هەن کە هیچ سکاڵایەکیان لەسەر تۆمار ناکرێت، لەلایەن داواکاری گشتیەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت، لەکاتی هێرشکردنە سەر خەڵک و لەکەدارکردنی هاووڵاتییان.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەم ساڵ هاووڵاتییانە چاوکراوەترن، سکاڵا تۆمار دەکەن لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا کە مەترسیی بۆ سەر کەسایەتییان هەیە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران، خاوەن دۆسیەکە داوای قەرەبووی مادییش دەکەن، جگە لە سزادانی تۆمەتبار بەرانبەر ئەو کارەی کردوویەتی. 

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ئێستا هەڕەشەکردن لەڕیگەی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و سۆشیاڵ میدیاوە، حاڵەتێکی زۆر باوە چونکە دەیانەوە لەو ڕیگەیەوە بە ئاسانترین شیوە پارەیاخود چەن شتێکی دتریان دەست بکەوێت، خەڵکانێکی زۆر سکالا تۆمار دەکەن و و هەموو ئەوانەی کە سکالا تۆمار دەکەن بەسزا دەگەیەنرین، لە ٪90 ئەو سکاڵایانەشی لەسەر ئەکاوەنتی وەهمی تۆمارکراون کەسەکان گیراون.




وشە - ئيڤان عەبدولڕەحمان