مەرجی كورد و شیعە و خۆپێشاندەران لەبارەی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق

:: PM:07:38:10/12/2019 ‌

پێنج رۆژ ماوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی كاتی لە عێراق و تا ئێستە نە شەقام و نەهێزە سیاسییەكان لەسەر كەسایەتییەك كۆك نین بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەهۆی ئاڵۆزی و هەستیاری دۆخەكەشەوە بەشێكی شیعەكان دەڵێن با خەڵك دیاری بكات و بەشێكیشیان ئاماژە دەكەن مەرج نییە هەر شیعە بێت، كورد مەرجی هەیە و خۆپێشاندەرانیش دووپاتی دەكەنەوە كە دەبێت كەسایەتییەكی ئەكادیمی بێت.
هێزە سیاسییەكان و خۆپێشاندەران بە مەرج كاندیدی یەكتر رەت دەكەنەوە
خۆپێشاندانەكانی عێراق چووە ناو سێیەم مانگییەوە و تا ئێستەیش بەردەوامە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكوومەتەكەی بەگوشاری خۆپێشاندەران دەستیان لەكار كێشایەوە و ئێستە عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەرە و تا 15ی ئەو مانگە دەبێت كەسێك بۆ پۆستی حكوومەتی كاتی دیاری بكرێت، ئەگینا سەرۆك كۆمار پۆستەكە بەڕێوە دەبات.

سیهام مووسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"ی سەر بە هادی عامری كە زۆرینەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران لەخۆ گرتووە ئاماژە دەكات، دۆخەكە زۆر شلۆقە و پێویستە لەسەر كەسایەتییەك رێكبكەوین كە سەرۆك كۆمار بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رایبسپیرێت، پەرلەمان لە چەند فراكسیۆنێك پێكهاتووە و ئەوان دەنگ لەسەر كابینەی حكوومەت دەدەن.

زیاتر گوتی، ئەگەر سازان لە نێوان هێزە شیعەكان و ئەوانیتریش دروست نەبێت، پێم وا نییە هیچ كەسێك بۆ پۆستەكە تێپەڕ بێت كە سەرۆك كۆمار كاندیدی بكات، بۆیە هەمووان هەمووان دەیانەوێ كەسێكی سەربەخۆ و بەتوانا و بەهێز بێت و قۆناغی مەترسی تێپەڕ بكات و متمانەی هێزە سیاسییەكان و شەقام دەستبەر بكات. 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە دەكات كە دوو ئەگەر هەن، یەكەمیان سەرۆك وەزیرانی نوێ كەسێكی شیعە دەبێت، چونكە سەرۆك كۆمار كوردە و سەرۆكی پەرلەمانیش سوننە، ئەگەری دووەم ئەگەر هەموو فراكسیۆنەكان رێككەوتن و كەسێكی بەتوانایان هەڵبژارد ئەگەر شیعەش نەبێت كێشە نییە بەو مەرجەی سازانی لەسەر هەبێت. 

ئەمجەد عیقابی پەرلەمانتاری "سائیروون" سەر بە موقتەدا سەدر ئاشكرای دەكات كە ئاراستەیەك لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە پێچەوانەی خواستی سەرانی سیاسییە بە سەرپشككردنی گەل بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، ئەو لە لاپەڕەی خۆی لە "تویتەر"، نووسیویەتی، ئەو ئاراستەیە لە بەرژەوەندی عێراقە بەوەی گەل سەرپشك بكرێت بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆك وەزیران و ناوەكەی پێشكەش سەرۆك كۆمار بكرێت و بەوەش پەرلەمانیش رادەپەڕێت.  

سێشەمی رابردوو دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە گوشاری خۆپێشاندانەكان، هاوپەیمانی "سائیروون"، وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق مافی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقی دایە دەست جەماوەر و خۆپێشاندەران.

ئەمڕۆ سێشەم بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا داوای لە هەریەك لە هێزە سیاسییەكان و خۆپێشاندەران كرد بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی نوێی كاتی كە پێی رازی بن لە ماوەی دەستووری دیاریكراو بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و ئاوەدانكردنەوەی وڵات.

هەر ئەمڕۆ لە وەڵامی سەرۆك كۆمار خۆپێشاندەران بەیاننامەیەكیان دەركرد و رایان گەیاند، لەوكاتەی تەنیا پێنج رۆژ ماوە وەك وادەی دەستووری بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، داوات لێ دەكەین قبووڵ هەر كەسایەتییەك نەكەی كە چینی گەندەڵ بۆ پۆستەكە پێشكەشی بكات و مەرجەكانی خۆپێشاندەرانی بەسەر جێبەجێ نەبێت و رەتكراوە بێت، بۆیە وریات دەكەینەوە بەوەی دەنگی خۆپێشاندەران بەرزتر دەبێتەوە و دەگاتە ناو ماڵەكەت و كۆشكی كۆماریش ئەوەندە دوور نییە.

هەروەها خۆپێشاندەران داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەن كە كۆنگرە یان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆك زانكۆكانی عێراق ساز بكات و داوایان لێ بكات كەسایەتی نیشتیمانی و بەتوانا لە بوارەكانی سیاسەت و یاسا و بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی ئابووری كاندید بكەن، بۆ ئەوەی لە نێوان ئەوان سەركردەی وڵات بۆ قۆناغی كاتی دیاری بكرێت تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  

پەرلەمانتارێكی كورد رای گەیاند كە كورد یەك مەرجی بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق هەیە، محەمەد ئەمین فارس ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە دەڵێت، تا ئێستە گفتوگۆ بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بەردەوامە و تا ئێستە رێككەوتن نەكراوە، بەپێی دەستووریش ماوەی دیاریكردنی سنووردارە و پێویستە لە ماوەی 15 رۆژ لە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران كەسێك دیاری بكرێت كە 5 رۆژی ماوە.   

زیاتر گوتی، بەپێی نەریتی پێڕەوكراو لە عێراق پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ شیعەیە ئەگەرچی ئەوە لە دەستوور نەهاتووە، بۆیە دەبێت دەبێت رەزامەندی هەموو هێزە سیاسییەكان وەربگیرێت لەوانەش كورد، دووپاتی كردەوە كە كورد تەنیا یەك مەرجی هەیە بۆ ئەو كەسەی بۆ پۆستەكە دیاری دەكرێت ئەویش ئەوەیە دەبێت پابەندی دەستووری عێراق بێت و بڕگەكانی جێبەجێ بكات و باوەڕیشی بە مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل