هونه‌رمه‌ندی كۆمیدی گۆڤار ئه‌نوه‌ر /39 ساڵ/، خه‌ڵكی هه‌ولێره و خاوه‌نی چه‌ندان به‌رهه‌می هونه‌رییه. له ساڵی 1993 به‌شداریی یه‌كه‌م كاری شانۆیی كرد به ناوی "دكتۆر نه‌خۆشم". ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، هونه‌ری كوردی هه‌ژاریی پێ به‌خشیوم و تا ئێسته نه‌بووه‌ته خاوه‌نی هیچ شتێك.
گۆڤار كه خاوه‌ن ئه‌زموونه له كۆمیدیای هه‌ولێردا، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه "هونه‌ری كۆمیدیا دنیایه‌كی جوانت پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام زۆریش ماوه تا له كۆمیدیا تێبگه‌ین".
له‌باره‌ی هۆكاری تێنه‌گه‌یشتن له كۆمیدیا ده‌ڵێ "چونكه كۆمیدیا ته‌نیا ئه‌وه نییه ئه‌كته‌ر خه‌ڵك به پێكه‌نین بێنێت، به‌ڵكو كۆمیدیا گه‌یاندنی په‌یامێكی جوانه، به كۆمیدیا ده‌بێ به‌رگری له خه‌ڵكی چه‌وساوه و سته‌ملێكراو بكرێ و هه‌ر گرفتێك ڕووبه‌ڕووی وڵات ده‌بێته‌وه، پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدی به خه‌ڵك بگات".
ئه‌م هونه‌رمه‌نده كۆمیدییه كه كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی به‌رنامه‌ی "به‌زمی به‌زم" بوو، هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی له به‌رنامه‌كه "بۆ كێشه‌یه‌كی تایبه‌تی ناگه‌ڕێنێته‌وه" و دڵنیایی ده‌دات، "هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو ببێته هۆكارێك بۆ وازهێنانیم له به‌زمی به‌زم، به‌ڵكو گرێبه‌سته‌كه‌م به كۆتا هات و نوێم نه‌كرده‌وه، هه‌روه‌ها له دوای به‌زمی به‌زم به‌رنامه‌ی (كه‌نین شۆ)مان هه‌بوو، ئه‌م به‌رنامه‌یه بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ی سپۆنسه‌ری ده‌كرد، گرێبه‌سته‌كه‌مان له‌گه‌ڵی به‌كۆتا هات و به‌رنامه‌كه وه‌ستا".
جه‌ماوه‌ره‌كه‌م له هه‌موو سامانی دنیا گرنگترن لام
به‌ڵام ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شاشه و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌یام ئه‌كره‌م ناسراو به "شه‌مۆ" به‌رنامه‌یه‌كیان ده‌بێ كه ڕۆژانه قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆی. زیاتر گوتی "به‌ڵام مرۆڤ پێویستی به پشوو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بیر له بیرۆكه‌ی نوێ بكاته‌وه و به به‌رهه‌مێكی جوانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه".
گۆڤار ئه‌وه‌یشی دووپات كرده‌وه كه ژیانی تایبه‌تی خۆی زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕۆڵه‌ی ده‌ینوێنێ له كاتی به‌رنامه و شانۆگه‌رییه كۆمیدییهكاندا، به‌و پێیه‌ی بینه‌ر هه‌میشه ئه‌وی به پێكه‌نین و قسه‌ی خۆشه‌وه بینیوه.
به‌ڵام خۆی ده‌ڵێ، وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی ئاسایی ڕۆژگارێكی سه‌خت و ناخۆشی له ژیان به‌ڕێ كردووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "هونه‌ری كوردی هه‌ژاریی به من به‌خشی و تا ئێسته نه‌بوومه‌ته خاوه‌نی هیچ شتێك، به‌ڵام جه‌ماوه‌ره‌كه‌م له هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی دنیا گرنگتره".