رێكخراوی بازرگانیی جیهانی لە سەرەمەرگدایە

:: AM:10:37:11/12/2019 ‌

رێكخراوی بازرگانیی جیهانی كە یەكێك لە گرنگترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری بازرگانیی لە دنیا، پەكی كەوتووە و وەك ساڵانی رابردوو ناتوانێ بڕیار دەربكات. 

25  ساڵە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی دامەزراوە، بەڵام ئێستە تووشی گەورەترین تەنگژە بووە، تەنگژەكە لە ئاكامی بڕیارێكی ئەمەریكا بووە بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەیەك دادوەر لە دەستەی باڵای رێكخراوەكە.

ئەو گورزەی ئەمەریكا لە رێكخراوەكەی داوە زۆر كاریگەرە و وا بە ئاسانی ساڕێژ نابێتەوە و تەنانەت مەترسی بۆ سەر هەڵگیرساندنی جەنگی نوێی تری ئابووری هەیە لە دنیادا . رێكخراوەكە هۆشداری داوە لە سستبوونی چالاكییەكانی و پێی وایە دەرهاویشتەكانی بۆ ئابووری دنیا زۆر خراپتر دەبێت.

گەورەبوونی جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین یەكێك لە هۆكارەكانی سستیی رێكخراوی بازرگانیی جیهانییە و ئێستە هیچ میانجیگەرێك بۆ چارەسەركردنی كێشە بازرگانییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادا نییە.  ئەگەر رێكخراوەكە چالاك بووایە دەیتوانی كۆتایی بەم كێشەیە بهێنێت و لە نێوانیاندا ناوبژیوانی بكات.

پێویستە بگوترێت رێكخراوی بازرگانی جیهانیی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە و ئەركی ئەم رێكخراوەش بریتییە لە رێكخستنی یاساكانی بازرگانی و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان كە لە نێوان ئەندامانی رێكخراوەكە دێنە كایەوە.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە 20 گرێبەستی بازرگانیان واژوو كردووە و خاوەنی 160 ئەندامە كە بارەگا سەرەكییەكەی لە سویسرا هەڵكەوتووە.

ئەمەریكا لە سەردەمی باراك ئۆباماوە رەخنەی توندی لە دەسەڵاتی دەستەی دادوەری رێكخراوەكە هەبووە و پێی وابووە لەگەڵ سەربەخۆیی ئابووری ئەمەریكا ناكۆكی هەیە، بۆیە لە پێناو كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەم دەستەیە دەنگی بە دووبارە هەڵبژاردنەوە نەداوە و بایكۆتی كردووە. ئەمەریكا مافی ڤێتۆی بەكار هێناوە و نایەوێت دادوەری نوێ دابمەزرێنرێن.

 دەستەكە لە حەوت دادوەر پێكدێن، بەڵام شوێنی چوار دادوەریان چۆڵە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریكا كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخراوەكە هەبوو، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
رێكخراوەكە بە بێ ئەم دادوەرانە وەك پڵینگێكی بێ ددان وایە

وۆلف كانگ بەڕێوەبەری گشتیی یەكێتی پیشەسازی كیمیایی ئەڵمانیا باسی لەوە كردووە كە رێكخراوەكە بە بێ ئەم دادوەرانە وەك پڵینگێكی بێ ددان وایە و هیچ دەسەڵاتێكی نییە.

رێكخراوەكە لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانكی جیهانیی بە گرنگترین رێكخراوی دنیا بۆ پرسی رێكخستنی هەناردە و هاوردەی  وڵاتان هەژمار دەكرێت.




وشە - سلێمان تاشان