ئەنفلەوەنزای بەراز هەڕەشە لە كوردستان دەكات

:: PM:06:36:11/12/2019 ‌

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەمیدیکانی ئیرانەوە بڵاو کراونەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سەت کەس بەهۆی ئەنفلەوەنزای "بەراز"ەوە لە ئیران گیانی لەدەست داوە و بە هەزاران کەسیش لە نەخۆشخانەکان بە گومانی توشبوونیان چارەسەر وەردەگرن، بەهۆی هاوسنووربی لەگەڵ ئێران، لە کوردستان مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای "بەراز"یان لەسەرە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هیچ حاڵەتێک لە باشووری کوردستان تۆمار نەکراوە.

ئەنفلۆنزای "بەراز"، بە یەکێک لە ئەنفلەوەنزا ترسناکەکان لە دنیادا دادەنرێت، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێکی ڕاستەوخۆ بۆ چارەسەرکردنی نەدۆزراوەتەوە، تەنیا ساڵانە پیکوتەی دژەتوشبوون بەکار دەهێنرێت. ئەنفلەوەنزاکە لەكاتی وەرزی سەرمادا، لە باشووری کوردستان لە مانگی ئەیلوول تا مانگی ئادار بڵاو دەبێتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە باشووری کوردستان هیچ حاڵەتێکی ئەنفلەوەنزای "بەراز" تۆمار نەکراوە، بەڵام مەترسیی بڵاو بوونەوەی هەیە، هاوشیوەی ساڵانی ڕابردوو رێنماییەکانیان بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

محەمەد قادر خۆشناو گوتەبێژکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە باشووری کوردستاندا، هیچ حاڵەتیکی ئەنفلەوەنزای بەراز تۆمار نەکراوە، بەڵام مەترسیی هەیە، چونکە وەرزی سەرمایە و لە وڵاتی هاوسنووریش ئەنفلەوەنزاکەی تێدا بڵاو بووەتەوە.

دەشڵێت، ئەوان وەک وەزارەتی تەندروستی، ساڵانە ئامادەکاری بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزاکە دەکەن، بە بڵاوکردنەوەی ڕینماییەکانیان بەسەر هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکاندا، لەکاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکیش، ڕێوشوێنی تایبەت دەگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە تەشەنە.

لە هەرێمی کوردستان پشکنینی دیاریکردنی ئەنفلەوەنزای بەراز ئەنجام نادرێت

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، سەبارەت بە هەبوونی دەرمانی تەواو لەناو نەخۆشخانەکاندا گوتی، ئەنفلەوەنزا تەنیا لەپێشتردا پێکوتەی بۆ ئەنجام دەدرێت و لەکاتی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا لە جۆری سووک، جگە لە ئازارشکێن، پێویستی بە دەرمانی ئەوتۆ نابێت، تەنیا کەسی تووشبوو دەبێت خۆی ئاگاداری خۆی بێت و لەگەڵ چواردەوری تێڵکەڵ نەبێت، بۆ ئەوەی ئەنفلەوەنزاکە تەشەنە نەکات و نەگوازرێتەوە. لەکاتی ئەنفلەوەنزای قورسیشدا بە هەمان شێوە، دەبێت کەسی تووشبوو لە چواردەوری دوور بخرێتەوە و چارەسەری تایبەتی بە تەنیا بۆ ئەنجام بدرێت.

 لە نەبوونی پشکنێک بۆ دەرخستنی ئەو جۆرە ئەنفلەوەنزایە لە باشووری کوردستاندا، دەستنیشانکردن و  چارەسەرییەکەی قورستر کردووە، چونکە ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێت، نموونەیان لێ وەردەگیرێت و ڕەوانەی بەغدا دەکرێن، تاوەکو دەرچوونی ئەنجامەکانیش نزیکەی مانگێک دەخایەنێت، ئەمەیش کاریگەریی خراپی لەسەر چارەسەریەکە هەیە.

 پزیشکان هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدەن کە خۆیان بەدوور بگرن لەهەموو ئەو ڕیگایانەی دبنە هۆی تووشبوونیان بە ئەنفلەوەنزاکە و جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو دوای بنبڕکردنی ئەنفلەوەنزاکە، سەردانی وڵاتی ئێران نەکەن، ئەگەر سەردانی وڵاتەکەشیان کرد ئاگادار بن، چونکە ڤایرۆسەکە بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە و دەگوازرێتەوە.

د.زرار حسێن، پزیشکی پسپۆڕی هەناو دڵ، سەبارەت بە ناسینەوە و خۆپاراستن لە ئەنفلەوەنزای "بەراز" گوتی ئەنفلەوەنزایەکی مەترسی داروە پێویستە یەکەم هەنگاو خۆ پاراستنی بۆ بکرێت لەڕێگای ، سەردانی نەکردنی کەسی توشبوو، هەروەها سەردانی نەکردنی ئەو شوێنانەی کە ئێستا ئەنفلەوەنزاکەیان تێدا بڵاو بووتەوە وەکو وڵاتی ئێران، چونکە تووشبوونی زۆر ئاسانە و چارەسەر زۆر قورسە و هەندێک جار ناگەن بە چارەسەر و دەمرن.

سەبارەت بە چۆنیەتیی تووشبوونی ئەو ئەنفلەوەنزایە، ئەو پزیشکە گوتی، لەڕیگەی هەناسەی کەسی تووشبوو هەروەها لەکاتی کۆکینی کە بەکتریاکە لە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و لەکاتی هەڵمژینی هەوادا کەسەکە تووش دەبێت کە لێوەی نزیکە، لە ڕێگەی بەراز بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە. 

ئەوەی چارەسەری ئەنفلەوەنزای "بەراز" قورستر دەکات، نەناسینەوەیەتی بە ئاسانی، چونکە نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلەوەنزای ئاسایین و پشکنینی ناسینەوەشی لە کوردستان ناکرێت، نموونەی پشکنینەکان دەنێردرێن بۆ بەغدا، تاوەکو گەڕانەوەیان کاتێکی زۆر پێویست دەبێت کە ڕەنگە تا هاتنەوەی ئەنجامی پشکنینەکان تووشبوەکە یان حاڵی خراپتر بێت یان بمرێت.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بە مەترسیەکی تری ئەو ڤایرۆسە دەکات. یەکێکی تر لە مەترسییەکانی ئەنفلەوەنزاکە، نەبوونی هیچ دەرمانێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە ڤایرۆسەیە. لە دنیادا تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێک بۆ چارەسەری ڕاستەوخۆی ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە دنیا لە بڵاوبوونەوەی دەترسن، تەنیا چەند حەب و دەرمانێک وەک یارمەتیدەر بۆ چاکبوونەوەی تووشبووەکە بەکار دەهێنرێن.

ساڵی ڕابردوو، لە باشووری کوردستان تەنیا یەک حاڵەتی ئەنفلەوەنزای بەراز تۆمار کراوە، ئەو حاڵەتەش دوای وەرگرتنی چارەسەری تایبەت لە نەخۆشخانە چارەسەرکرا، بۆ ئەم ساڵ هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار نەکراوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت ڤاکسینی پێویست وشوێنی تایبەتی چارەسەرکردنیان ئامادەیە بۆ هەر حاڵەتێک


وشە - ئيڤان عەبدولڕەحمان