لە هەولێر دەستبەسەر بڕێكی زۆری دەرمانی رێگە پێ نەدراو دەگیردرێت. قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر دەڵێ، دەرمانەكە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەكار هاتووە و بە پێی یاسای دەرمانسازی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە دەكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ی كانوونی یەكەم، لیژنەی بەدواداچوونی دەرمان لە قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر، دەستبەسەر بڕێكی زۆری دەرمانی رێگە پێ نەدراو دەگرێت كە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەكار هێنراوە.
لێكۆڵینەوە لە كەیسە بەپێی یاسای دەرمانسازی ئەنجام دەدرێت، رێكاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەكەی دەكرێت
قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژەی بەوە دەكات كە لیژنەی بەدواداچوونی دەرمانی قایمامیەت و نوێنەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەشی پۆلیسی شارەوانی و كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، دوای كۆ كردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون و چاودێریكردن، لە یەكێك لە خانووەكانی سەر رێگەی "هەولێر – پیرمام" دەستبەسەر بڕێكی زۆری دەرمان گیرا كە گوایە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بەكار دەهێنرێت.
قایمقامیەتی هەولێر لە بەیاننامەكەی روونی دەكاتەوە، دوای پشكنین دەركەوتووە ئەو دەرمانە هیچ رێگەپێدانێكی تەندروستی نەبووە، گوتی "لێكۆڵینەوە لە كەیسە بەپێی یاسای دەرمانسازی ئەنجام دەدرێت، رێكاری یاسایی بەرانبەر خاوەنەكەی دەكرێت"، زیاتر گوتی "وەك قایمقامیەت لە هەڵمەتی پشكنین و بەردواداچوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیان بەردەوام دەبین".