ئاگەدارییەك بە كۆمپانیاكانی دەرمان دەدرێت

:: AM:09:48:12/12/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان سەر بە وەزارەتی تەندروستی، ئاگەدارییەك ئاراستەی كۆمپانیاكانی هێنانی دەرمان دەكات و هێنانی دەرمان لە بازگەیەك دەوەستێنێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی كانوونی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە ئاگەدارییەكی ئاشكرا كراوە، بەشی چاودێریی بازگەكانی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی(KMCA) كۆمپانیاكانی دەرمان پێویستە پاپەند ئەو ئاگەدارییە بن.

جگە لە بازگەی "كەڵەك – خازر"، ئێستە بازگەی "كەڵەك – بەردەڕەش"یش كراوەتەوە  

لە ئاگەدارییەكدا ڕوون كراوەتەوە، بۆ كارئاسانیی كۆمپانیاكان، لە بەشی رۆژئاوای هەولێر جگە لە بازگەی "كەڵەك – خازر"، ئێستە بازگەی "كەڵەك – بەردەڕەش"یش كراوەتەوە و دەتوانن كەلوپەلەكانتان بە ئەم بازگەیەدا بێنن و ببەن.

باس لەوەش كراوە، لە بەشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە سەری ساڵەوە بازگەی "گۆمەسپان" دادەخرێت و بازگەی "دێگەڵە" جارێكی تر دەستبەكار دەبێتەوە و داوا دەكەین لە 1/1/2020 كۆمپانیاكانی دەرمان كەلوپەلەكانیان بە بازگەی گۆمەسپاندا نەهێنن.



وشە - رامیار جەواد