عه‌دنان عوسمان ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و سكرتێری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وێڕای ئاماژه‌دان به دۆخی ناوخۆی بزووتنه‌وه‌كه و گۆڕانكارییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و رێكخه‌ری گشتی، تیشك ده‌خاته پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزبه‌كان و باس له ئه‌دای حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات.
له دوای هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی و ڕێكخه‌ری گشتی، ئێسته دۆخی ناوخۆیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆنه؟
له دوای هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی نوێ، هه‌نگاوی باش نراوه بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی گۆڕان و پڕكردنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه، مه‌تبه‌خی بڕیاردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ژووره‌كانه، خه‌ریكی ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و ژوورانهین، كاری باشی له‌سه‌ر كراوه تا كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی جڤاتی نیشتمانی كۆتا به‌و بۆشاییانه دێنین.
هه‌نگاوی تر به‌هێزكردنی ئۆرگانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن كاری له‌سه‌ر كردووه، چاودێری نوێنه‌ره‌كانمان له حكوومه‌ت و لیژنه بۆ ئه‌وانه پێكهێنراوه، پێداچوونه‌وه به ڕێكخستنه‌كان، له ئامادهكاریشداین بۆ ئه‌وه‌ی كۆنفرانسی ناوخۆیی ببه‌ستین، له كۆنفرانسدا پێداچوونه‌وه به به‌رنامه و ستراتیج و ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه ده‌كه‌ین.
باست له پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی ناو ئۆرگان و جڤاتی نیشتمانی و گشتی كرد، له دوای دیاریكردنی وه‌زیره‌كانتان له حكوومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی نوێ، ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامی جڤات وازیان له گۆڕان هێنا، ئه‌وانه شوێنیان پڕ كراوه‌ته‌وه؟
جڤاتی گشتی هێشتا هه‌نگاوی نه‌ناوه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی وازیان هێناوه، ئه‌وانه‌ی وازیان هێناوه هاوڕێی ئێمه‌ن، ده‌مانه‌وێ جارێ له‌گه‌ڵیان له گفتوگۆدا بین بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵیان هه‌بێت.
دۆخێكی نوێ له عێراق هاتووه‌ته كایه‌وه، ئه‌گه‌ر بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بدرێ، گۆڕان ئاماده‌یه به‌شداری بكات؟
ئه‌گه‌ر بڕیاری كۆتایی بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عێراق، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كێشه‌ی نییه و ئاماده‌كاریی ته‌واو ده‌كات، به‌ڵام به هیواین ئه‌و هه‌ڵبژاردنه گۆڕانكاری بكات له نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراق، ئه‌و یاسایه به ئاراسته‌یه‌ك بێ مافی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێم بپارێزێت، مه‌ودایه‌كی فراوانی هه‌بێت بۆ دیموكراسیی و نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی زۆر له توێژه‌كانی عێراق.
له هه‌رێمی كوردستانیش به‌رپرسان ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵی هه‌یه، پێتان وایه ئه‌وه‌ی له عێراق روو ده‌دات له كوردستان روو بدات؟
مه‌رج نییه شتێك له ناوچه‌یه‌ك ڕوو بدات، له شوێنی تریش ڕوو بدات، ئه‌وه‌ی له عێراق ڕووی داوه به‌شێكی پێوه‌سته به مووچه و به‌شێكیشی ئاستی گوزه‌ران و خزمه‌تگوزاری، به‌شی زۆریشی بۆ حوكمڕانی گه‌نده‌ڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه، له كوردستانیش بێ كاری و بێ مووچه‌یی و گه‌نده‌ڵی هه‌یه، مووچه وه‌ك خۆی نادرێت و نادادپه‌روه‌ری هه‌یه له مووچه، له ڕابردووش‌دا خۆپیشاندان هه‌بووه و ناڕه‌زایه‌تی هه‌بووه، له كوردستانیش ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی خێرا نه‌نرێ بۆ چاكسازی، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و ڕووداوانه دووباره ده‌بنه‌وه.
له هه‌رێمی كوردستاندا پشتگیریی خۆپێشاندانی عێراق كراوه، ئه‌گه‌ر له كوردستانیش ئه‌مه رووی بدایه، ئه‌و پشتگیرییه ده‌كرا؟
په‌رله‌مانی كوردستان له خۆپێشاندانه‌كانی 17ی شوبات دوو بڕیاری ده‌كرد، بڕیاری یه‌ك و بڕیاری دوو كه نوێنه‌ری هه‌موو حزبه‌كانی تێدابوو، پشتگیری له داخوازیی خۆپێشانده‌ران كرد، ئه‌مه دداننان بوو به هه‌موو داواكاری خۆپێشانده‌راندا، له عێراق حزبه‌كان پشتگیریی خۆپێشانده‌رانیان ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ر حزبه‌كانن ئه‌و دۆخه‌یان خوڵقاندووه، له كوردستانیشدا دوو حزب بڕیاربه‌ده‌ستن و به‌رپرسیشن له‌و دۆخه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ی له كوردستان هه‌یه، به‌شی زۆری خه‌ڵك كراون به مووچه‌خۆر، به‌شێكیان به مافی خۆیان كراون و به‌شێكی به ناحه‌ق كراون، ساڵانه چه‌ندان ده‌رچووی زانكۆ هه‌ن كه ده‌رفه‌تی كاریان نییه، سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی ڕابردوو هۆكاری ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته‌ن.
دوای تێپه‌ڕبوونی 100 ڕۆژ به‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌ت، له ئه‌دا و كاری خۆتان و حكوومه‌ت ڕازین؟
له كاری نوێنه‌ره‌كانمان ڕازین و ئه‌وانه له‌ژێر چاودێری وردی ئۆرگانه‌كانی گۆڕاندان، بۆ ئه‌دای حكوومه‌تیش پێمان وایه ده‌بوو هه‌نگاوه‌كان خێراتر و شه‌فافتر و تۆكمه‌تر بوونایه، ده‌بوو له ماوه‌ی ڕابردوو هه‌نگاوی كرداری بنرایه، زۆر گرنگ بوو حكوومه‌ت كاری له‌سه‌ر بودجه بكردایه، پێش سێ مانگ په‌رله‌مان پڕۆژه‌ی بودجه‌ی به ده‌ست بگه‌یشتایه و كاری له‌سه‌ر بكردایه، هه‌موو داهات و ورده‌كارییه‌كان بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌مان ڕوون بكردایه‌ته‌وه، ئه‌ركی یه‌كه‌می حكوومه‌ت دانانی پڕۆژه‌ی بودجه‌یه و ئه‌ركی یه‌كه‌می په‌رله‌مانیش په‌سه‌ندكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه، ده‌مانه‌وێ حكوومه‌ت به‌خێرایی كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكات.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر پێداگری له یاسای چاكسازی ده‌كرده‌وه، بۆچی هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان؟
ساڵانێك دامه‌زراندنی نایاسایی پێڕه‌و كراوه، كه‌سانێك وه‌زیر نه‌بوون و به پله‌ی وه‌زیر خانه‌نشین كراون، كه‌سێك سه‌ربازی نه‌كردووه و به پله‌ی سه‌ربازی خانه‌نشین كراوه. ئه‌ركه‌كه گرنگه، به‌ڵام قورسه و ده‌بێ وردبینی زۆری له‌سه‌ر بكرێت و كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت كه‌مترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌مترین ده‌رامه‌تیان هه‌یه، توێژی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا ده‌بێ ئه‌و یاسایه ڕه‌چاوی ژیانی ئه‌وان بكات.
هه‌ر وردبینییه‌ك بكرێت به ئاراسته‌یه‌ك ئه‌وه‌ی باشتر خزمه‌تی خه‌ڵك بكات، شتێكی باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و پرسه، پرۆسه‌ی چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه‌مان پێویسته له كوردستان، چاكسازیی سیاسی له هه‌موو ده‌زگه‌كانی حوكم، چاكسازیی دارایی، قسه له‌سه‌ر باج و داهات و سنووره‌كان بكرێت، پڕۆژه‌ی یاسا له مووچه و خانه‌نشینی به‌شێكه له پڕۆژه‌ی چاكسازی.
چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رفراوانی گه‌وره و گرنگه و ده‌بێ هه‌موو سێكته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگه بگرێته‌وه، نه‌ك ته‌نیا سێكته‌رێك.
وه‌ك گۆڕان، داواتان له حكوومه‌ت كردووه بۆ كاركردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی چاكسازی؟
به‌دڵنیاییه‌وه، یاسای چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه له ڕێككه‌وتنی گۆڕان و پارتی باسی لێوه كراوه كه ده‌بێ چاكسازی له دارایی و ئابووری و سیاسی و كشتوكاڵ و په‌روه‌رده هه‌موو بواره‌كان بكرێت، ئه‌مه له كارنامه‌ی حكوومه‌ت جێگیر كراوه.
له كابینه‌ی پێشتردا وه‌زیره‌كانی گۆڕان نێردرانه ماڵه‌وه، ڕێگری له سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، به‌ڵام گۆڕان ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی كرده‌وه و پێوه‌ندی ئاسایی كرده‌وه، له‌به‌رچی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كه هێرشی كرده سه‌ر گرده‌كه پێوه‌ندیتان باش نه‌بووه‌ته‌وه؟
له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێوه‌ندیمان خراپ نییه، لیژنه‌ی هاوبه‌شمان هه‌یه و كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی زۆر هه‌مه‌لایه‌نمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و بۆ خه‌ڵك گرنگ بوو، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ده‌كرد پێوه‌ندیمان زۆر به‌رفراوان و به‌هێز بن، ئاستی پێوه‌ندییه‌كه دڵخوازی ئێمه نییه، به‌نیازین له دوای كۆنگره‌ی یه‌كێتی، پێوه‌ندییه‌كان بچێته ئاستی باشتر و پته‌وتر.
له‌و بڕوایه‌دا نین هیچ لایه‌نێك له كوردستان هه‌بێت سه‌ركێشی ئه‌وه بكات چاكسازی نه‌كات
چ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازی؟
هیوادارین ئه‌وه ڕوو نه‌دات، دۆخی كوردستان هی ئه‌وه نییه هیچ لایه‌نێك سه‌ركێشی له‌و شێوه بكات كه به‌ڵێن
ی چاكسازی نه‌باته پێشه‌وه و خه‌می نیشتمان و هه‌رێمه‌كه‌ی نه‌بێت.
له دوای ته‌قه‌كردن له گردی زه‌رگه‌ته‌ی گۆڕان له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی، دوای ساڵ و نیوێك یه‌كێتی سه‌ردانی ئێوه‌ی كرد، ئێوه به نیازن سه‌ردانی یه‌كێتی بكه‌نه‌وه؟
له دوای سه‌ردانه‌كه‌ی یه‌كێتی، لیژنه‌ی هاوبه‌ش دروست كراوه بۆ چاره‌سه‌ركرنی كێشه‌كان و ئه‌و پشكانه‌ی ده‌بێ بدرێته گۆڕان له رێككه‌وتنی هه‌ردوولا كه یه‌كێتی پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بووه، به‌ڵام تا ئێسته هه‌نگاوی كرداری نه‌نراوه، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی باش ببینین و یه‌كێتی پێی باش بێت، هه‌موو كاتێك سه‌ردانیان ده‌كه‌ین.
گۆڕان بڕوای به سه‌ركردایه‌تیی ئێسته‌ی یه‌كێتی هه‌یه؟، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه یه‌كێتی كه‌سێكی تێدایه توانای بڕیاردانی هه‌بێت و ئێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟
یه‌كێتی حزبی سه‌ربه‌خۆیه و خۆی بڕیار له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی خۆی ده‌دات، گۆڕان سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی به‌هۆكاری دروستبوونی ئه‌و دۆخه ده‌زانێت كه دروست بووه، تێده‌گه‌ین له كێشه‌كانیان، به‌ڵام دوای سه‌ردانه‌كه و پێوه‌ندیشمان پێوه كراوه كه تێگه‌شتنی باش هه‌یه، ئه‌وه‌ی لای ئێمه گرنگه پێوه‌ندی گۆڕان و یه‌كێتی باش بێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆخی هاووڵاتییان هه‌بێت.
گۆڕان و یه‌كێتی زۆرترین جه‌ماوه‌ریان له سنووری سلێمانییه، یه‌كێتی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و چه‌كه، ئه‌گه‌ر دۆخێك له سنووره‌كه ڕوو بدات، گۆڕان چۆن ده‌توانێ به‌رگری له خۆی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بكات؟
گۆڕان هێزێكی مه‌ده‌نییه، بڕوای به‌وه نییه هێزی چه‌كداری هه‌بێت و كاریشی له‌سه‌ر نه‌كردووه، پێمان وایه نابێ هێزی چه‌كدار به‌ده‌ست حزبه‌وه بێت، هێزی چه‌كدار ده‌بێ بێلایه‌ن بێت و له خزمه‌تی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی سنووره‌كان بێت، بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌یه زۆر خراپه، به‌ڵام بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو له سلێمانی، خه‌ڵك و لایه‌نگرمان هه‌ن، چۆن پێشتر گرده‌كه و گۆڕانیان پاراستووه، ئێسته‌یش ئاماده‌ن بیپارێزن و هه‌موو هه‌ڵسووڕاوێكی گۆڕان ئاماده‌یه به‌رگری له گۆڕان بكات، به‌ڵام نابێ له كوردستان چه‌كدار بۆ ململانێی حزبه‌كان به‌كار بهێنێت.
ئه‌و شه‌وه‌ی یه‌كێتی ته‌قه‌ی له گرده‌كه كرد، سه‌دان گه‌نج به چه‌كه‌وه ئاماده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بوون، به‌ڵام ڕێمان نه‌دا
به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ی یه‌كێتی ته‌قه‌ی له گرده‌كه كرد، نه‌تانتوانی ڕووبه‌ڕووی یه‌كێتی ببنه‌وه؟
دۆخێكی خراپ بوو ئه‌و شه‌وه بۆ یه‌كێتی و گۆڕان و پێوه‌ندییه‌كانی تێك دا، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه ئه‌گه‌ر 100 ته‌قه له گرده‌كه كرابێت، دوو هه‌زار ته‌قه‌ی به‌رگری له گرده‌كه‌وه هه‌بووه، سه‌دان كه‌سیش له گرده‌كه ئاماده‌بوون به‌رگری بكه‌ن، به‌ڵام ڕێمان به زمانی چه‌ك نه‌دا تا به چه‌ك كێشه یه‌كلا ببێته‌وه، هه‌ر كاتێك گرده‌كه‌مان تووشی كێشه بێت، په‌نا ب
ۆ ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت و ئۆرگانه‌كان ده‌به‌ین.
ساڵی 2014 زۆرینه‌ی سلێمانی بوون، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌توانن به زۆرینه بگه‌نه‌وه؟
كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین زۆرینه بین و پۆسته گرنگه‌كان به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن بێت.
هه‌وڵێكتان ده‌ست پێ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵه‌كانی ناو گۆڕان ئه‌وانه‌ی پۆستیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كار هێناوه و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، ده‌توانن بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان ئاشكرایان بكه‌ن؟
پرۆسه‌كه ده‌ستی پێ كردووه و له قۆناغی كۆكردنه‌وه‌ی بهڵگهكانداین، هیچ بڕیارێك ناده‌ین تا لێكۆڵینه‌وه ته‌واو ده‌بێت، مافی كه‌سه‌كه‌یش تا قسه نه‌كات مافیان پارێزراوه و ناوزڕاندیان بۆ ناكرێت، له ژووری یاسایی گه‌یشتینه ئه‌و قۆناغه، ئه‌و لێپرسینه‌وانه ده‌كه‌ین، كه‌سمان دیاری نه‌كردووه، به‌ڵام هه‌ر كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ر هه‌بێت و سكاڵای له‌سه‌ر بێ، له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و ده‌سپاكی و گۆڕانه‌وه ده‌خرێته ئه‌و چوارچێوه‌یه.
له دوای هه‌ڵبژاردنی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی نوێ، هه‌ندێك له به‌رپرسی گۆڕان له كاری حزبی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، ئه‌مانه وازیان هێناوه یان كاری حزبیان نییه؟
ئه‌وان له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌رده‌وامن، هه‌ندێكیش نیگه‌ڕانن، هه‌ندێكیان ڕه‌خنه و تێبینییان هه‌یه، هه‌ندێكیشی ماندوون، ئه‌وانه‌ی خۆیان به گۆڕان ده‌زانن خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن گۆڕانن یان نا، تێبینییه‌كانیان به هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و ڕه‌خنه‌كانیشیان جێی ڕێزه، گوێ له ڕه‌خنه‌كانیان ده‌گیرێت، ئه‌وه‌ی بڕیاری داوه كۆتا به پێوه‌ندییه‌كانی بێنێ له‌گه‌ڵ گۆڕان، ڕێز له ماندووبوونی چه‌ند ساڵه‌ی ده‌گرین، به‌ڵام ده‌خوازین ئه‌وانه‌ی ساڵانێك گۆڕان بوون و ئێسته واز دێنن، واز له بیری گۆڕانخوازی نه‌هێنن.
له خۆپێشاندانه‌كانی 17ی شوبات گۆڕان ده‌یتوانی به قسه‌یه‌ك شه‌قام بجووڵێنێ، پێتانوایه ئێسته هه‌مان قورسایی ئهوكاتهتان مابێ؟
نازانم قورساییه‌كه چۆن ده‌پێورێت، به‌ڵام گۆڕان وه‌ك پێش حه‌وت ساڵ، له‌گه‌ڵ داخوازی خه‌ڵكه بۆ ئاینده‌یه‌كی باشتر به‌بێ سڵه‌مینه‌وه.
هه‌ریه‌كه له محه‌مه‌د ڕه‌حیم و شۆڕش حاجی و ره‌ئووف عوسمان له‌گه‌ڵ گۆڕان ماون؟
به‌ڵێ.
سه‌ركه‌وتوو بوون له ڕازیكردنی ئه‌وانه‌ی له ڕابردوو وازیان له گۆڕان هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌وه ناو حزبه‌كه به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی جڤات؟
هه‌وڵی به‌رده‌وام هه‌یه، له هه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو بووین و هه‌ندێكی هێشتا ماوه.
له كاتی هه‌ڵبژاردن بۆ ڕێكخه‌ری گشتیی گۆڕان، به‌شێك له جڤاتی نیشتمانی ده‌نگیان به عومه‌ری سه‌ید عه‌لی نه‌دا و ده‌نگیان به شۆڕش حاجی دا، ئه‌مه ئێسته ناكۆكی دروست نه‌كردووه؟
نه‌خێر، پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه، هه‌مووان خه‌مخۆری یه‌كترن و به ده‌نگنه‌دان به كه‌سێكیان موماره‌سه‌ی مافی خۆی كردووه، بڕیاره‌كه ڕێزی لێ گیراوه.
گۆڕان چ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر كۆنگره‌ی یه‌كێتی هه‌یه؟
یه‌كێتی هێزێكی گرنگه له ناوچه‌كه و مێژوویه‌كی هه‌یه، چه‌ندان شه‌هیدی داوه بۆ وڵات، به‌شێك له یه‌كێتی له‌ناو گۆڕان و به‌شێك له كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌ناو گۆڕانن، هیواخوازی ئه‌وه‌ین كۆنگره‌ی یه‌كێتی به‌شێوه‌ی شه‌فاف به‌ڕێوه بچێت، هیوادارین سه‌ركردایه‌تیی داهاتوویان له خزمه‌ت پرۆسه‌ی چاكسازی و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی بێت.
وشه/ دیمانه‌ی هۆشیار عه‌لی