وەزیری نەوتی عێراق: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێت

:: PM:04:41:12/12/2019 ‌

سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی هەرێم تا ئاستی 450 هەزار بەمیلی رۆژانە بێت.
ئۆپێك هەناردەی نەوتی هەرێمیش بە هی عێراق حسێب دەكات
ئەو رێككەوتنەی هەرێم و بەغدا هاوكاتە لەگەڵ بەڵێنەكانی عێراق لە چوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی هەناردەكاری ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.

ئەمڕۆ پێنجشەم رۆژنامەی "سەباح" لە غەزبانی گواستەوە، رێكخراوی ئۆپێك وەك یەك قەوارەی سیاسی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات و جیاوازی لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق ناكات، بۆیە هەموو نەوتی هەرناردەكراو بەهی عێراق لەقەڵەم دەدات.

روونی كردەوە، بەوهۆیەی كە ئۆپێك و عێراق سوورن لەسەر هاوسەنگی بازاڕی نەوت و هەرەس نەهێنانی نرخی، بۆیە لەبەرژەوەندی ئێمەیە پابەندی رێككەوتننەكە بین لەو بەشەی بۆمان دیاریكراوە كە كەمی بكەینەوە لە بەرهەمهێنان بۆ ئەوەی بازاڕ سەقامگیر بێت. 

غەزبان لەبارەی نەوتی هەرێمەوە گوتی، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە بریتییە لەوەی هەرێم لە سەرەتای مانگی داهاتوودا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكوومەتی عێراق بكات لە كۆی 450 هەزار بەرمیلی بەرهەمهاتووی رۆژانەی. ئەو 200 هەزار بەرمیلەی دەمێنێتەوە هەرێم دەتوانێت لە دانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان و دانەوەی قەرزەكان و مووچە بەكاری بێنێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل