هه‌ورامان ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كوردستانه كه 500 ساڵ پێش ئه‌وروپا ژن مافی ده‌نگدان و بوون به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ژیلاومه‌رێ هه‌بووه و به‌شداری سیاسه‌تی كردووه، هه‌میشه ئازاد بووه له بیركردنه‌وه و خاوه‌ن ئابووری سه‌ربه‌خۆ بووه، له‌وێ ژنان شانبه‌شانی پیاو كار ده‌كه‌ن و به ئازادی هاوسه‌ر هه‌ڵده‌بژێرن.
ژنانی هه‌ورامی له پۆسته باڵاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمیش بوونیان هه‌یه و خێزانه‌كانیان هاوكاریان بوون له پلان و به‌رنامه‌كانیان.
دكتۆر مه‌هاباد كامیل هه‌ورامی سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌ناو هه‌ورامییه‌كان گرنگیدان به ژن پێشینه‌یه‌كی زۆر كۆنی هه‌یه، كاتێك ئه‌نجوومه‌نی ژیلاومه‌رێ هه‌بووه /وه‌ك په‌رله‌مانی ئێسته ئه‌ندامه‌كانی به هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان كراون/ 500 ساڵ پێش زاین ژن بۆی هه‌بووه ده‌نگ بدات و خۆیشی بپاڵێوێت بۆ ئه‌نجوومه‌ن و ببێت به ئه‌ندام، به‌ڵام ماوه‌ی 100 ساڵێكه له ئه‌وروپا ژن مافی هه‌یه ده‌نگ بدات و به‌شداری هه‌یه.
هه‌ورامییه‌كان نه‌رمترین ره‌فتاریان به‌رانبه‌ر ژن هه‌یه
مهاباد روونی كرده‌وه، ژن له هه‌ورامان له حوجره خراو‌نه‌ته به‌ر خوێندن، خوێنده‌وار كراون و قورئانیان پێ له‌به‌ر كراوه، گرنگی به ئاستی ڕۆشنبیرییان دراوه، شانبه‌شانی پیاو گرنگی تایبه‌ت به مافی ژنان دراوه، ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ هۆشیاری ژنان ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو هۆشیاری خێزان بووه.
سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه كه خۆیشی هه‌ورامییه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "له هه‌موو شوێنێك توندوتیژی دژ به ژنان هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی داتاكان له هه‌ورامان ڕێژه‌كه ساڵانه سفره، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت حاڵه‌ت بووه و له په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕی نه‌كردووه".
ژنان له هه‌ورامان خاوه‌ن ئابووری سه‌ربه‌خۆن، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان له كشتوكاڵ و باخداری و كاره‌كانی تردا رۆڵ ده‌بینن و كاری چنین ده‌كه‌ن و كڵاشی هه‌ورامی داهێنانی ده‌ستی ئه‌وانه، موڵك و ماڵی خۆیان هه‌بووه، له سه‌رده‌مانی كۆندا كاتێك ڕۆیشتوون بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان له گه‌رمیان، خۆیان به‌ته‌نیا ڕۆیشتوون و پشتیان به‌خۆیان به‌ستووه.
له هه‌ورامان خێزانه‌كان پشتیان به كچ و ژنه‌كانیان به‌ستووه، دكتۆر مه‌هاباد له‌و باریه‌وه ده‌ڵێ، "من له منداڵییه‌وه منداڵی یه‌كه‌می دایك و باوكم بووم، ڕۆڵی سه‌ره‌كیم هه‌بووه له خێزانه‌كه‌م و پشتیان پێ به‌ستووم، به‌رده‌وام خه‌ون و ئاره‌زووه‌كانم له چوارچێوه‌ی خه‌ون و ئاره‌زوودا نه‌هێشتووه‌ته‌وه، كارم بۆ كردووه و پێ گه‌یشتووم، په‌یامم بۆ ژنانی هه‌ورامان ئه‌وه‌یه هه‌رگیز وشه‌ی (نازانم و ناتوانم) به‌كار نه‌هێنن، خه‌ونیان هه‌بێت و هیچ شتێك ئه‌سته‌م نییه".
جیا له‌وانه، هه‌ورامان به‌وه ناسراوه خێڵ و گرووپ و عه‌شیره‌تی نییه، تاكه‌كان خۆیان له خۆیان به‌رپرسیارن.
هاوكات ڕووناك هه‌ورامی چالاك و خاوه‌نی ڕێستورانتی خه‌رپانی له هه‌ورامان، به"وشه"ی گوت، "ژن له هه‌ورامان مافه‌كانی هه‌رگیز پێشێل نه‌كراوه، شوێنی تایبه‌تی هه‌بووه، هه‌رگیز به پله دوو سه‌یر نه‌كراوه و خاوه‌نی بۆچوونی خۆیه‌تی، ژنانی هه‌ورامان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان چاره‌سه‌ر كردووه، 17 وڵاتی ئه‌وروپی گه‌ڕاوم، وه‌ك هه‌ورامان مافی ژن نه‌پارێزراوه، له‌وێ به یاسایه، به‌ڵام له هه‌ورامان كۆمه‌ڵگه ڕێز و شكۆی بۆ ژن هه‌یه."
به‌بۆچوونی ڕووناك، كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ورامی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌رمونیانه له‌گه‌ڵ ژن، له كۆنه‌وه بۆ ئێسته له هه‌ورامان ژن به ژن و گه‌وره به بچووك نه‌بووه، ژن خاوه‌نی كه‌سایه‌تی و كار و ئابووری خۆی بووه، به ڕه‌زامه‌ندی خۆیان خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ پیاو ده‌كه‌ن كه بۆ هاوسه‌ری ژیان هه‌ڵیانده‌بژێرن، ئینجا ژنی هه‌ورامی به ڕێز و پیرۆزییه‌وه ته‌ماشای هاوسه‌ریان كردووه، زمانی تێگه‌یشتن هه‌یه له نێوانیاندا.
بارزان عوسمان گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مساڵ له سنووری هه‌ورامان ته‌نیا دوو حاڵه‌تی تۆماركردنی سكاڵا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه هه‌بووه، ئه‌ویش كێشه‌ی ئاسایی خێزانی بوون و چاره‌سه‌ر كران. به‌گوته‌ی بارزان "هیچ ژنێك له هه‌ورامان ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی نه‌بووه‌ته‌وه".
ژنانی هه‌ورامان ئێسته‌یش ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه له بازاڕ و كایه سیاسی و ئیداری و ڕۆشنبیری و هونه‌رییه‌كان، به‌رده‌وام په‌ره به تواناكانیان ده‌ده‌ن.
له كۆندا ژنی هه‌ورامان به‌ته‌نیا ڕۆیشتوون بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان له گه‌رمیان و پشتیان به‌خۆیان به‌ستووه
بارزان زیاتر روونی كرده‌وه، له سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ئه‌مساڵ 74 دۆسیه‌ی سكاڵای تۆماركردن هه‌بووه و له‌لایه‌ن ژنانه‌وه تۆمار كراون، سكاڵاكان جۆراوجۆرن.
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، هاتووه، "له ماوه‌ی نۆ مانگی ڕابردووی ئه‌مساڵدا، 375 حاڵه‌تی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان تۆمار كراون و هه‌شت هه‌زار و 509 سكاڵاش به‌هۆی توندوتیژی تۆمار كراون".
له ئاماره‌كه‌دا ڕوون كراوه‌ته‌وه، له ماوه‌ی ئه‌و نۆ مانگه‌دا 30 ژن كوژراون و 46 ژنی تریش خۆیان كوشتووه، 125 ژن سووتاون و 81 ژن خۆیان سووتاندووه، 93 حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسیش تۆمار كراون.
وشه/ به‌دواداچوونی عه‌زیز ره‌سووڵ