"كۆمپانیای باڤیان" كه له سه‌رده‌می ئاسۆ فه‌ره‌یدوون پارێزگاری پێشووی سلێمانی، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا كرا بۆ دروستكردنی كارتی زیره‌كی تایبه‌ت به دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان، دوای ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌ی، جارێكی تر دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ واده‌كه‌ی درێژ كردووه‌ته‌وه. سه‌رۆكی لیژنه‌ی سووته‌مه‌نی ئه‌نجوومه‌ن ده‌ڵێت، "به نایاسایی پێی دراوه و ته‌نده‌رینی بۆ نه‌كراوه".
كۆمپانیای باڤیان به‌هۆی دروستكردنی ئه‌و كارته پێنج ملیار دیناری وه‌رگرتووه
ئاسۆ فه‌ره‌یدوون پارێزگاری پێشووی سلێمانی، له ساڵی 2016 گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای باڤیان ئه‌نجام دا كه ئه‌وكات ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و ته‌واوی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه و گوتیان به‌هۆیه‌وه پاره له هاووڵاتییان وه‌رگیراوه. ئه‌نجوومه‌ن له داواكاری گشتیی سلێمانی سكاڵای یاسایشی تۆمار كرد به‌هۆی نایاساییبوونی گرێبه‌سته‌كه و كێشانه‌وه‌ی پاره له خه‌ڵك.
به‌ڵام هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی خۆی ئه‌مجاره گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ كۆمپانیاكه نوێ و درێژ كردووه‌ته‌وه.
كه‌ریم عه‌لی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، له مانگی نیسانی ئه‌مساڵ گرێبه‌سته‌كه‌ی كۆمپانیای باڤیان ته‌واو بوو، ده‌بوو پارێزگاری سلێمانی له ته‌نده‌رێكدا و به كێبه‌ركێ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی تر ئه‌نجام بدایه له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مترین نرخ و زۆرترین ماوه، به‌ڵام هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر هه‌ستاوه به نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی.
له سه‌رده‌می ئاسۆ فه‌ره‌یدوون پارێزگاری پێشوو، بۆ هه‌ر خێزانێك كه ئه‌و كارته‌ی بۆ دروست كرا، بڕی 10 هه‌زار دینار وه‌رگیرا و كارته‌كه بۆ سێ ساڵ كاری پێ ده‌كرا، له نیسانی ئه‌مساڵ ماوه‌كه ته‌واو بوو.
به‌پێی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه، هه‌ر خێزانێك كه كارته‌كه‌ی بۆ نوێ ده‌كرێته‌وه، بڕی هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گیرێت، هاوكات خێزانه نوێیه‌كان كه دروست ده‌بن، بڕی 10 هه‌زار دیناریان لێ وه‌رده‌گیرێت.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازیی ئه‌نجوومه‌ن، ئه‌وه‌یشی گوت، "ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه كراوه، پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر هاووڵاتییان كه‌وتووه، چونكه له ئیداره‌ی گه‌رمیان گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی تر كراوه بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ و بڕی پاره‌كه‌ش سێ هه‌زار و 750 دیناره".
"كاره‌كه‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر زۆر نایاساییه، ماوه‌یه‌كی زۆری له به‌رده‌ست بوو و ده‌یتوانی به ته‌نده‌ر و به‌شێوه‌ی ئاشكرا، گرێبه‌ستی نوێی بكردایه له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مترین نرخ و زۆرترین ماوه" كه‌ریم وای گوت.
به‌پێی ئاماره‌كان له سنووری پارێزگای سلێمانی به هه‌ڵه‌بجه‌وه، زیاتر له 500 هه‌زار خێزان هه‌ن، له 2016دا بۆ هه‌ر خێزانێك بڕی 10 هه‌زار دینار وه‌رگیرا، كۆی گشتیی ئه‌و پاره‌یه زیاتر له پێنج ملیار دینار ده‌كات كه له سه‌رده‌می ئاسۆ فه‌ره‌یدوون دراوه به‌و كۆمپانیایه.
ئێسته به نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه، هه‌ر ماڵێك بڕی هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گیرێت كه ده‌كاته 500 ملیۆن دینار، له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانانه‌ی تازه دروست ده‌بن كه 10 هه‌زاریان لێ وه‌رده‌گیرێت و ئه‌گه‌ر پێنج تا 10 هه‌زار خێزانی نوێ دروست ببن، بڕی پاره‌كه ده‌كاته 50 ملیۆن دینار.
یه‌كێك له‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجوومه‌ن كه له سه‌رده‌می پارێزگاری پێشووی سلێمانی له داواكاری گشتی سكاڵای تۆمار كرد له‌سه‌ر دروستكردنی كارتی زیره‌ك، خه‌دیجه عه‌بدولجه‌بار بوو.
خه‌دیجه به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، دروستكردنی كارتی زیره‌ك بۆ به‌شه نه‌وتی ساڵانه‌ی ماڵان، ناحه‌قییه‌ك بوو به‌رانبه‌ر به هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی، ئه‌نجوومه‌ن پێی باش نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌نجام درا.
بڕی تێچوونی ئه‌و كارته له‌سه‌ر كۆمپانیاكه به‌گوته‌ی خه‌دیجه، "ته‌نیا دوو هه‌زار دینار بووه، به‌ڵام به هاووڵاتی به‌و نرخه زۆره فرۆشراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و كارته له هه‌ولێر دروست نه‌كراوه و نه‌وتیش وه‌رده‌گرن، پێشتر دژی بووین و ئێسته‌یش كه نوێ كراوه‌ته‌وه، هه‌ر دژین".
به‌پێی زانیاریی ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، تێچووی كارته‌كه پاره‌یه‌كی زۆر كه‌مه، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانیایه حزبییه و به‌رپرسی حزبی له پشته‌وه‌یه، بۆیه له سه‌ره‌تاوه كاره‌كه‌ی پێ دراوه و ئێسته‌یش بۆی نوێ كراوه‌ته‌وه.
"وشه" هه‌وڵی دا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی قسه بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران لێدوانی لێ قه‌ده‌غه كردوون، قسه‌ی نه‌كرد.
وشه/ به‌دواداچوونی هۆشیار عه‌لی