ژنێك له‌لایه‌ن براكه‌ی به‌ند ده‌كرێ

:: AM:03:08:14/12/2019 ‌
بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ژنێك له‌ نێو ژوورێك به‌ به‌ندكراوی و كه‌له‌پچه‌كراوی له‌ ده‌وروبه‌ری ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه‌ كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌ تویته‌ر دروست كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و ژنه‌ له‌لایه‌ن برایه‌كییه‌وه‌ به‌ندكراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌فتاری نه‌شیاو و دژ به‌ ئادابی گشتی كردووه‌.

له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كان باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ژنه‌كه‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌ و له‌ ژوورێكی ماڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن براكه‌ی به‌ندكراوه‌، بێ ئه‌وه‌ی به‌ ڕوونی و له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو ماڵه‌كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بزانرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌ تویته‌كان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئازادنه‌بوونی ژن له‌ كۆمه‌ڵگای سعوودیه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ تۆمه‌تی شكاندنی ئادابی گشتی به‌ندكراوه‌.
ڕووداوه‌كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و داوای لێپێچینه‌وه‌ له‌ براكه‌ی و سزادانی ده‌كه‌ن
چالاكانی سعوودیه‌ و خه‌ڵكی به‌ گشتی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ و هاشتاگی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و ڕووداوه‌ دروست كردووه‌ و به‌ توندی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیه‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و ئه‌و ژنه‌ بدۆزنه‌وه‌ و ڕزگاری بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ نه‌شیاوترین مامه‌ڵه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌ له‌لایه‌ن برایه‌كه‌وه‌ دژ به‌ خوشكه‌كه‌ی بكرێت، تا ئێسته‌یش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕیازه‌وه‌ نییه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش زیاتر و فره‌وانتر ده‌بن



وشە - باز ئه‌حمه‌د