راكێشانی هێڵی گاز پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئەڵمانیای ئاڵۆز كرد

:: AM:10:35:14/12/2019 ‌

ئەمەریكا دەمێكە دژایەتی خۆی بۆ راكێشانی هێڵی گازی "نوردئێستریم٢" راگەیاندووە و لە چەند رۆژی رابردوودا كۆنگرێسی ئەو وڵاتە زۆر لەو كۆمپانیایانەی سزا داوە كە هاوكاری پڕۆژەكە دەكەن و ماوەتەوە ئەنجوومەنی پیران و دۆناڵد ترەمپ واژووی لەسەر بكەن تا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە بەرانبەر ئەو هەنگاوانەی ئەمەریكا لە دژی پڕۆژەكە گرتوویەتەبەر، ژووری هاوبەشی بازرگانی ئەڵمانیا و رووسیا پێشنیاری ئەوەیان كردووە ئەوانیش لە بەرانبەردا سزای نوێ بەسەر ئەمەریكادا بسەپێنن.

هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتوویەتی، سیاسەتی وزە لە ئەوروپا هەر لە لایەن یەكێتی ئەوروپا و ناوخۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت و دادەڕێژرێت، نەك لە دەرەوە، مەبەستی بەرپرسەكە ئەوەیە ئەمەریكا نابێت دەستێوەردان لە كاروباری ئەوروپادا بكات.

هەریەك لە گوتەبێژی حكوومەتی ئەڵمانیا و وەزیری ئابووری ئەو وڵاتەش بە توندی رەخنەیان لەو پڕۆژەیە گرت كە هەفتەی رابردوو لە لایەن كۆنگرێسی ئەمەریكییەوە پەسند كرا.
ئەمەریكییەكان پێیان وایە راكێشانی ئەم هێڵە دەبێتە هۆی بەستنەوەی زیاتری ئەوروپا بە رووسیا 

بەگوێرەی "رادیۆ فڕەنسا" ئەمەریكییەكان پێیان وایە راكێشانی ئەم هێڵە دەبێتە هۆی بەستنەوەی زیاتری ئەوروپا بە رووسیا و لە داهاتوودا رووسیا كێشە بۆ ئەوروپا دەهێنێتە كایەوە و سوودی خراپ لەو پێوەندییانە وەردەگرێت.

سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەڵمانیاش باسی لەوە كردووە بەپێچەوانەوە ئەوە رووسیایە كە زیاتر پێویستی بە ئەوروپا هەیە و ئەم گرێبەستەش هیچ كێشەیەكیان بۆ نایەنێتە كایەوە.



وشە - سلێمان تاشان