لەبارەی مووچەی ساڵی داهاتوو ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: PM:12:04:14/12/2019 ‌
لەبارەی مووچەی ساڵی 2020ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدرێت كە هیچ ئەگەرێك بۆ دواكەوتنی مووچە نییە و مووچە لە كاتی خۆیدا دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" رێكەوتنەكەی هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2019 هەیە وەك خۆی جێبەجێ‌ دەكرێت تا ئەوكاتەی حكوومەتی نوێی عێراق پێك دێت.

بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە نوێیەكە چاوەڕانی بەغدا دەكرێت 
لە زانیارییەكاندا هاتووە، بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە نوێیەكە چاوەڕانی بەغدا دەكرێت كە ساڵی 2020 بڕیاری لەسەر بدات و هەرێمی كوردستان هیچ كیشەیەكی نییە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە.

ئەحمەد سەفار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ میدیاكان ئاشكرای كردووە، ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا وەك خۆیەتی و مانگانە عێراق پابەندە بە ناردنی بڕی 452 ملیار دینار تا بودجەی ساڵی 2020 دەچێتە بواری جێبەجێكردن، ئەوكاتە بەپێی ڕێككەوتنی نوێ‌ پارە بۆ هەولێر دێتە ناردن.

هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوای تەنگژەی دارایی پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد