پێشمەرگە هەشت گوندی ئازاد كردووە و شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراوی تەقاندووەتەوە

:: PM:02:02:17/10/2016 ‌

لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ تا ئێستە پێشمەرگەی كوردستان هەشت گوندی ئازاد كردووە و زیاتر لە 13 كیلۆمەتر بەرەو ناوەندی مووسڵ پێشڕەوی كردووە

كاتژمێر پینج و 30 خولەكی ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری خازرەوە هێرشیان  بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كرد و لە ماوەی كەمتر لە حەوت سەعاتدا توانییان هەشت گوند ئازاد بكەنەوە.

پێشڕەوی هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانی فڕۆكەی هاوپەیمانانی دژی داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا ئەنجام دراوە و تا ئێستە  گوندەكانی بازگرتان، تەرجلە، شێخ ئەمیر، بەدەنەی بچووك، بەدەنەی گەورە، كەبەرلی، باسخڕە، شاقوڵی بەتەواوەتی لەژێر دەستی داعش رزگار كراون. هاوكات فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، سەرجەم گوندە كوردستانییەكانی میحوەری خازر گەڕاونەتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

لە ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش كە نیازی خۆ تەقاندنەوەیان بە هێزەكانی پێشمەرگەدا هەبووە، لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێنراونەتەوە. سەرۆك وەزیرانی عێراقیش پێی وایە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ چەندان هەفتە دەخایەنیت.

دوابەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندەكان، تیمەكانی تایبەت بە پووچەڵكردنەوەی بۆمب دەستیان كردووە بە پاككردنەوەی ئەو ناوچانەی كەوتووەتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگە.

ئەو ئۆپەراسیۆنە كۆی پارێزگای مووسڵ و بەشێك لە پارێزگای كەركووك و سەڵاحەدین لەخۆ دەگرێت. رزگاركردنی ناوەندی شاری مووسڵ و حەویجە "باشووری رۆژئاوای كەركووك" و رۆژهەڵاتی شەرگات و باكوری رۆژئاوای دیالە، ئامانجی سەرەكی هێزە چەكدارەكانن. هاوكات شارەدێكانی تەلەعفەر، تلكێف، حەمدانییە، بەعاج و حەزەر دەكرێنە ئامانج.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و دواتر تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتای مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا و بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

هەولێر/تایبەت


وشە - هیدایه‌ت جان