لیژنەی بەدواداچوون لە داهات و خەرجی سلێمانی كارەكانی راگرت

:: PM:02:03:17/10/2016 ‌

لیژنەی بەدواداچوونی داهات و خەرجی سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی كشانەوەی ئەندامێكی، ناتوانێت كارەكانی بكات.

رێكەوت زەكی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی راسپێردراو بۆ داهات و خەرجییەكانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین، راگرتنی كارەكانی لیژنەكەیانی راگەیاند.

زەكی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هۆكاری كارڕاگرتنی لیژنەكەیانی بۆ دەست لەكاركێشانەوەی ئەندامێكی لیژنەكە گێڕایەوە كە بەو هۆیەوە لیژنەكە ناتوانێت كارەكانی بكات.

هەر ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی یەكەمی 2016 هەریەك لە رێكەوت زەكی سەرۆكی لیژنەكە و د. فەرهاد تۆفیق ئەندامی لیژنەكە نووسراوێكیان بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەی ئەندامێكی لیژنەكەیان بەرز كردەوە.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، لیژنەی راسپێردراو بۆ بەدواداچوونی داهات و خەرجییەكانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین دوای دەرچوونی فرمانی دەست بەكاربوونیان لە 10ی تشرینی یەكەم، لە 11ی تشرینی یەكەم تا دوێنێ‌ 16ی تشرینی یەكەم سێ‌ كۆبوونەوە و دوو سەردانی مەیدانییان كردووە و بڕیار بووە درێژە بە كارەكانیان بدەن، بەڵام بەهۆی كشانەوەی ئەندامێكی لیژنەكە ناتوانن كارەكانیان بكەن.

لە نوسراوەكەدا روون كراوەتەوە كە رێبوار ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە لیژنەی بەدواداچوونی داهات و خەرجییەكانی پارێزگای سلێمانی، یاداشتی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە، بەڵام هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەی لەو لیژنەیە ئاشكرا نەكراوە.

لەهەمان نووسراودا داوا لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەن، بەگوێرەی بڕگەكانی (ئەلف و با) لە مادەی 32ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن و تایبەتمەندی و چوارچێوەی كاری لیژنە هەمیشەییەكان رێكاری پێویست لەبەر بگرن.

لە 10ی تشرینی یەكەمی 2016 بە فەرمانێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و بە نووسراوی ژمارە 446، لیژنەیەكی تایبەت بە بەدواداچوونی بڕی مووچەی سنووری پارێزگای سلێمانی، بڕی داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان، بڕی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەكان و ... هتد بە ئەندامێتی هەریەك لە رێكەوت زەكی سەرۆكی لیژنە و هەریەك لە فەرهاد تۆفیق و رێبوار ئەحمەد وەك ئەندامی لیژنە پێكهات.




وشە - ڕێبین فه‌تاح