ئەمە یەکەم هۆکاری مردنە خۆتی لێ بەدوور بگرە

:: PM:08:30:30/12/2019 ‌

زانینی هۆکاری سەرەکیی مردن، ڕەنگە بۆ هەموو کەس گرنگ بێت، بۆیە توێژەرانی تەندروستی هەمیشە کار لەسەر ئەو هۆکارانە دەکەن کە زۆرترین کەس لە دنیادا بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.

مردن كۆتایی هەموو زیندەوەرێكە لەسەر زەوی، ئەمەش بە وەستانی هەموو جووڵە و ئەندامانی جەستە و هەستەكانی دەبێت، بەڵام هۆكارەكانی ئەو مردنە زۆرن، پزیشكەكان بەپێی ئەزموونی سەدان ساڵی مرۆڤ و ئاماری چڕ و پڕ، گەیشتوونە بڕیار كە ئایا یەكەم هۆكار بۆ مردن چییە كە زۆربەی خەڵكی بەو هۆیەوە دەمرن. 

توێژینەوە زانستییەکان توانیویانە بە دیاریکراوی هۆکارەکان بدۆزنەوە

بەپێی ئەو توێژینەوانەی پسپۆڕانی پزیشكی ئەنجامیان داوە، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بە هۆكاری یەكەمی مردن لە دنیادا هەژمار دەكرێت، بەتایبەتی نەخۆشیی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ، واتە رەقبوونی خوێنبەر كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی یان گیرانی یەك خوێنبەر یان پتر، ئینجا جەڵتەی مێشك، نەخۆشیی خوێنبەرەكان، پەككەوتنی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی خوێنهێنەرەكان، نەخۆشیی خوێنبەری سییەكان، تای رۆماتیزمی كە ببێتە هۆی نەخۆشی لە زمانەكانی دڵ، لە كۆتادا دابەزینی پەستانی خوێن. 

دووەم هۆكاری مردنیش پاش نەخۆشییەكانی دڵ و سووڕان كە باسمان كردن، ئینجا ریزبەندی هۆكارەكانی تری مردن بریتین لە: شێرپەنجە، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە، نەخۆشیی كۆئەندامی دەمار، نەخۆشیی كۆئەندامی هەرس، نەخۆشیی گورچیلە، هەوكردنەكان، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشییەكانی ئێسك و ماسوولكە، خۆكوشتن، لە كۆتادا كارەساتی هاتوچۆ.

كەواتە چۆن خۆمان لە نەخۆشییەكانی دڵ بپارێزین؟ ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن بریتین لە: ئاستی كۆلیستیرۆڵی بەرز لە خوێندا، جگەرەكێشان، پەستانی بەرزیی خوێن، كەمی چالاكیی بەدەنی، نەخۆشیی شەكرە، تەمەنی 45 ساڵ و بەسەرەوە، مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشیی دڵ لە تەمەنێكی زوو.


وشە - كوردۆ شابان