لیقا سویدان بەیەكجاری لە هونەر دوور دەكەوێتەوە

:: AM:08:52:01/01/2020 ‌
هەوادارانی ئەكتەر و گۆرانیبێژی میسری لیقا سویدانی، تووشی شۆك بوون كە لە رێی فەیسبووكەوە زانییان ئەو خاتوونە بڕیاری یەكجاریی دووركەوتنەوە لە كاری هونەری داوە، بەڵام ئەو دەڵێ بڕیارێكە و گەڕانەوەی نییە.

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە رای گەیاندووە، سویدانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، بەیەكجاری لە كاری هونەری دوور دەكەومەوە و بڕیارەكەیشم گەڕانەوەی بۆ نییە.

هەست دەكەم بۆ كارە هونەرییەكان و توانای هونەرمەندان، هەڵسەنگاندن نییە 
ئەو خاتوونە روونی كردووەتەوە، من نەخۆش نیم و لەكاری هونەریش ماندوو نەبووم، بەڵام هەست دەكەم بۆ كارە هونەرییەكان و توانای هونەرمەندان، هەڵسەنگاندن نییە، ئەوە لە دەوروبەرەكەی خۆمیشدا دەبینم بۆیە بێزار بووم.

زیاتر دەڵێ ئەو بڕیارەم بەهۆی تووڕەبوونێكی كاتی نییە، بەڵكو بە هێمنی بیرم لێ كردووەتەوە، كاتێكیش گەیشتم بەو بڕیارە و ئاشكرای دەكەم، هەست بە خۆشی دەكەم نەك پەشیمانبوونەوە.

هونەرمەند لیقا سویدان لە ساڵی 1972 لە میسر لەدایك بووە كە بەڕەگەز لبنانییە، لە منداڵییەوە بە نواندن دەستی پێ كردووە، دواتر دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە. پەیمانگەی باڵای هونەری نواندنی تەواو كردووە. لە 2007دا هاوسەرگیریی لەگەڵ هونەرمەندی ناوداری میسری حوسێن فەهمی كردووە و لە 2010دا لێی جیا بووەتەوە. لە دەیان دراما و فیلمی سینەماییدا بەشداریی كردووە و دەیان گۆرانیشی تۆمار كردووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د