گەورە بەرپرسێكی توركیا سەردانی بەغدا دەكات

:: PM:02:42:17/10/2016 ‌

سەرۆكی توركیا دووپات دەكاتەوە كە ئەگەر وڵاتەكەی بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵ نەكات ئەوە ئەنجامەكان باش نابن، بۆیە وڵاتەكەی بەشێوەیەكی كارا بەشداری لە جەنگەكە دەكات، لەو كاتەی میدیاكانی توركیا ئاماژە دەكەن كە بڕیارە گەورە بەرپرسێكی توركیا سەردانی بەغدا بكات. 

ئەمڕۆ دووشەم كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە چەند قۆڵێكەوە دەستی پێ كرد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشڕەوی بەرچاوی كرد و توانی بەرگرییەكانی داعش تێك بشكێنێ و هەشت گوند ئازاد بكاتەوە.

میدیاكانی توركیا رایان گەیاند كە لە نێو ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و عێراق لە سەروبەندی جەنگی مووسڵ و بەهۆی لێدوانی گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات لەسەر جەنگەكە، بڕیارە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی توركیا بگاتە بەغدا بۆ روونكردنەوەی هەڵوێست و كۆتاهێنان بەو ئاڵۆزییانە.

هەر ئەمڕۆ ئەردۆغان سەرسوڕمانی خۆی لە بەرامبەر رێگریكردنی عێراق لە بەشداری توركیا لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ راگەیاند و ئاماژەی كرد كە بەهەمووانی رادەگەیەنم كە رۆڵی كاریگەرمان لە ئازادكردنەوەی مووسڵ دەبێت.

سەرۆك توركیا دووپاتی كردەوە كە ئەگەر وڵاتەكەی بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵ نەكات ئەوە ئەنجامەكان باش نابن، بۆیە وڵاتەكەی بەشێوەیەكی كارا بەشداری لە جەنگی مووسڵ دەكات و لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ نەهێشتنی داعش.

ئەردۆغان دووپاتی كردەوە كە هێزەكانیان مەشقی سەربازییان بە پێشمەرگە و هۆزە نیشتمانییەكان لە بەعشیقە داوە و توركیا پێوەندی باشی لەگەڵ خەڵكی عێراق هەیە و دووپاتی كردەوە كە بیانەوێ یان نا هێزەكانمان بەشداری لە جەنگی مووسڵ دەكەن.

بەم دواییە پێوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا ئاڵۆزییەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، كاتێك پەرلەمانی توركیا مانەوەی هێزێكی سەربازی لە عێراق بۆ ساڵێكی تر درێژ كردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش بەشداری وڵاتەكەی لە جەنگی مووسڵ بۆ پاراستنی عەرەبی سونە دووپات كردەوە. 

لە رۆژی سێشەم چواری تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەرەوە لێدوانی توند لە نێوان بەرپرسانی ئەنكەرە و بەغدا دژی بوونی هێزێكی 150 كەسی لە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقە دەدرێت، گرژییەكان گەیشتە ئاستی ئەوەی باڵوێزی توركیا لە بەغدا و باڵوێزی عێراق لە ئەنكەرە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە بانگهێشت كران.

مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 هێزێكی توركیا كە لە 150 سەرباز و 25 تانك پێكهاتبوون هاتنە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقەی دەوروبەری مووسڵ و دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كرد، توركیا لەبارەی هاتنی هێزەكەیەوە پشتی بە رێككەوتنی 2007ی نێوان وەزیری بەرگری توركیا و عێراق بەستووە كە لە ئەنكەرە لە نێوان جەواد بۆلانی وەزیری بەرگری عێراق و بەشیر ئەتالایی وەزیری بەرگری توركیا ئیمزا كرا، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە عێراق ماف بە توركیا دەدات لەشكركێشی بۆ قوڵایی خاكی باكوری عێراق بكات، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی پەكەكە.

حەشدی نیشتمانی لە هۆزە سونەكانی دەوروبەری پارێزگای مووسڵ پێك دێت كە پاش داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە، لە چوارچێوەی چەند هێزێكی چەكدار خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پڕچەك كردووە.

شارەدێی بەعشیقە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ بە دووری 12 كیلۆمەتر و یەكێكە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا خاكەكەی دەوڵەمەندە بە زەیتوون، 70% دانیشتووانی ئێزدین و 25%یشی مەسیحی و 5% توركمانن و عەرەبیش بە رێژەیەكی كەم تێیدا نیشتەجێن.

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل